ئەمڕۆ (چوارشەممە) بەرواری (6/5/2020) فراکسیۆنەکانی (بزوتنەوەی گۆڕان) لە هەرسێ (ئەنجومەنی پارێزگاکانی ‏هەولێر، سلێمانی و دهۆک) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تایبەت بە پرسی (ناناوەندێتی- لامەركەزی)لە یاداشتەكەدا كە لە شەش ‏خاڵ پێكهاتووە‎ ‎فراکسیۆنەکانی (بزوتنەوەی گۆڕان) جەخت لەو پرسە دەكەنەوە ئاماژەیا بۆ ئەوە كراوە كە (بەرنامەی سیاسی ‏بزوتنەوەی گۆڕان ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، جەخت کردنەوە بوە لە پێویستیی نەناوەندێتی، وەکو شێوازێکی ئیدارەدانی ‏تەندروست، کە دەسەڵاتەکانی پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکان بچێتە بەرژەوەندی و باشترکردنی ئاستی پێشکەش کردنی پرۆژە و ‏خزمەتگوزاریەکان)‏
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە كە پێویستە لە زوترین کاتدا، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەکان ئەنجام بدرێت و ‏ئیدارەی ھەموو یەکە کارگێڕیەکان لە رێگەی دەنگی راستەقینەی ھاوڵاتیانەوە بێت و ھەر ھاوڵاتیانیش لەرێگەی نوێنەرەکانیانەوە ‏لە بەرپرسانی یەکە کارگێڕیەکان بپرسنەوە‎.‎
ئەمەی لایخوارەوەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:

نەناوەندێتی ستراتیجی گۆڕانە‎.‎
لەم چەند رۆژەدا قسە و باس زۆر دەکرێ لەبارەی نەناوەندێتی، فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی سلێمانی، ‏ھەولێر و دھۆک، بەپێویستی دەزانێت رای خۆی لەم خاڵانەدا روون بکاتەوە؛
یەکەم‎ : ‎
بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، جەخت کردنەوە بوە لە پێویستیی نەناوەندێتی، وەکو ‏شێوازێکی ئیدارەدانی تەندروست، کە دەسەڵاتەکانی پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکان بچێتە بەرژەوەندی و باشترکردنی ئاستی ‏پێشکەش کردنی پرۆژە و خزمەتگوزاریەکان‎.‎
دوەم‎: ‎
پێمان وایە نەناوەندێتی بەشێکی گرنگە لە بنەمای دیموکراسی و حوکمڕانی تەندروست، حوکمڕانیەکی دیموکرات و پێشکەوتو ‏بەبێ نەناوەندێتی کارگێڕی نابێ. بۆیە سیاسەتی ئێمە پاراستنی ئەم قەوارەیەو بەهێزکردنێتی پێشمان وایە یەکێک لەو رێگایانەی ‏کە بۆ بەهێزکردنی حکومەت و هەرێمی کوردستان پێویستە پیادەکردنی سیستەمی نەناوەندێتییە‎.‎
سێیەم‎: ‎
لەگەڵ ھەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانین، بەشێوەیەک کە دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی زیاتر ھەبێ بۆ ئەنجومەنی ‏پارێزگا و ئیدارەی پارێزگاکان، قەزا و ناحیەکان، بەشێوەیەک کە زۆرترین کاروبارەکانی ھاوڵاتیان لە یەکە کارگێڕیەکانی خۆیان ‏ڕایی بکرێت‎.‎
چوارەم‎: ‎
دیدی ئێمە بۆ نەناوەندێتی، لەسەر بنەمای یاسایی و رێزگرتنە لە دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و لەچوار چێوەی ‏شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە لە حکومەتەوە بۆ یەکە کارگێڕیەکان، نەک پچڕاندنی یەکەی کارگێڕی لە جەستەی حکومەت‎.‎
پێنجەم‎: ‎
پێویستە حکومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە کارئاسانی کردن بۆ ھاوڵاتیان لە رێگەی ئەنجومەنە ‏ھەڵبژێردراوەکان‎.‎
شەشەم‎:‎
پێویستە لە زوترین کاتدا، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەکان ئەنجام بدرێ و ئیدارەی ھەمو یەکە کارگێڕیەکان لە رێگەی ‏دەنگی راستەقینەی ھاوڵاتیانەوە بێت و ھەر ھاوڵاتیانیش لەرێگەی نوێنەرەکانیانەوە لە بەرپرسانی یەکە کارگێڕیەکان بپرسنەوە‎.‎

فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک‎. ‎
‎6/5/2020‎
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft