کتێبێک سەبارەت (ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێڕیی هەرێم) بڵاوکرایەوە ‏
لەم جەند رۆژەی رابردوودا کتێبی (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە ‏نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) بڵاوکرایەوە ‏
‎. ‎نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە بارەی ئامادەکردنی کتێبەکەی دەڵێت: "ئەگەرچی ماوەی ‏سەرقاڵبونم بە نوسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە، نزیکەی چوار ساڵی خایاند و زۆر پێیەوە ماندوبوم، ‏بەڵام چاپکردنی لەمڕۆدا، بە تایبەت کە پرسی بایەخ و پێویستیی ناناوەندێتیی بۆ هەرێمی کوردستان ‏بۆتە رۆژەڤ (پرسی رۆژ)، زۆر خۆشحاڵیکردم و هیلاکییەکەی لەبیربردمەوە‎." ‎‏ ‏
ناوەڕۆکی کتێبەکە، لە سێ بەشی سەرەکیی و کۆمەڵێ باس و تەوەر پێکدێت، کە بە پشتبەستن بە ‏‏(۲۷) سەرچاوەی زانستیی لە بواری یاسا و کارگێڕیی و سودوەرگرتن لە ئەزمونی کەسیی، ‏هەوڵدراوە بە شێوەیەکی میتۆدیی و لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی ‏کوردستان، وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بدرێتەوە‎. ‎
‏ لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتوە: هۆکاری سەرەکیی هەوڵەکەمان، بۆ گرنگیی و پێویستیی (سیستمی ‏ناناوەندێتیی) بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێم دەگەڕێتەوە، کە هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سیستمێکی ‏کارگێڕیی ئەوتۆ بنرێت، کەوا لەگەڵ واقیعی جوگرافیی و ئیتنیکیی وڵاتەکەدا بگونجێت‎. ‎ئەم تەرزە ‏کارگێڕییەش، بریتییە لە "بونیادنانی متمانە لەناو حکومەتدا
هەر لەو پێشەکییەدا، نوسەر رونیکردۆتەوە، "لە دوتوێی بەش و باس و تەوەرەکانی ئەم کتێبەدا، ‏هەوڵدراوە، بە شێوەیەکی میتۆدیی و پاڵپشت بە کۆمەڵێ سەرچاوە، سیستمی کارگێڕیی بە گشتیی ‏رونبکرێتەوە، پاشان تیشکبخرێتەسەر شێوازەکانی، لەمەشەوە، پتر رۆبچینە نێو بابەتی سەرەکیی و، ‏لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە، وەڵامی پرسیارە ‏پێویست و گرنگەکە: (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) بدەینەوە‎." ‎هەروەک ‏ئاماژەی بەوەش داوە، کەوا بۆ نوسین و ئامادەکردنی ئەم باسە، سەرەڕای سەرچاوە زانستییەکان بە ‏زمانە جیاوازەکان، ئەزمونی ١٢ ساڵەی خۆیشی لە بواری کارگێڕییدا، لە فەرمانبەرێتیی و ‏بەرپرسیارێتیی بەش و هۆبە و فەرمانگەوە، تا دەگاتە ئەندامێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگا و ‏بەریەککەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ واقیعەکە و دەرهاویشتەکانی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ‏کۆمەکی باشیان کردووە، تاکو بابەتییانە و واقیعبینانەتر پرسەکە تاووتوێ بکات و سەرنجی خۆی ‏لەسەر بخاتەڕوو‎. ‎
‎ ‎نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) راشیگەیاندوە، لەپێناو ‏پابەندبون بە رێکارە تەندروستییەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا هیچ ‏رێوڕەسمێکی واژۆکردن و بڵاوکردنەوە بۆ کتێبەکە ناکەین. بەو هیوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو ‏خەونەش بهێنینەدیی، لەوەش گرنگتر و پێویستتر خەونی بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێریی ‏هەرێمەکەمان‎. ‎‏ ‏
نووسەر لە چەند دێڕێکدا
محەمەد رەسوڵ موڕاد ‏
‎ ‎لەدایکبوی ١٩٦٩ – رانیە ‏
دبلۆم لە (بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی ئاو)- پەیمانگای تەکنەلۆژیی موسەییەب- (١٩٨٩ – ١٩٩٠) ‏
‎ ‎بەکالۆریۆس لە (یاسا)- زانکۆی کۆیە- (٢٠٠٧ – ٢٠٠٨) ‏
‎ ‎مینی ماستەر لە (کارگێڕیی کار)- زانکۆی (عین شمس) بە هاوکاریی (ئەکادیمیای جیۆری) - ‏‏(٢٠١٦)‏‎. ‎
‎ ‎ئەزمونی کارگێڕی: ٢٠٠٣ - تاکو ئێستا: فەرمانبەر، لێپرسراوی بەش و هۆبە، بەڕێوەبەری ‏فەرمانگە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان‎(.‎
‎ • ‎سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی ‏لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‎. • ‎کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (یۆگای تەمەندرێژی و ‏گەنجبوونەوە)‏‎. • ‎چەند راپۆرتێکی پڕ زانیاری و سەرنجی وردی سەبارەت بە: (کێشەی کەمئاوی لە ‏پارێزگای سلێمانی، زیادەڕەویی زەویوزار لە هەرێمی کوردستاندا، سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی ‏کوردستان و پێویستیی پێداچوونەوە بە باج و رسومات، چۆنێتیی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە ‏دەڤەری راپەڕین و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان. .. تاد) ئامادەکردوە‎. • ‎چەندین بابەت ‏و نوسینی دەربارەی: (سامانی ئاو، یاسای ئاو، کارگێڕیی، یاسای کارگێڕیی) لە سایت و ‏رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە‎. • ‎چەند توێژینەوە و راپۆرت و نامیلکەیەکی تری ئامادەی چاپن‎. • ‎ئەندامی هەریەک لەم سەندیکا و رێکخراوانەیە: کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان، ‏سەندیکای تەکنیکارانی کوردستان، کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، یەکێتیی مافپەروەرانی ‏کوردستان‎.‎

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft