بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ئەندامی فراكسیۆنی (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) له (ئەنجومەنی ‏نوینەرانی ‏عیراق)  لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردی (دەنگی ئەمریکا)  کێشەکانی ‏نێوان بەغداد و هەرێم و ‏چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد....‏
له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراقی بڵێسه‌ جه‌بار ‏فه‌رمان ڕایگه‌یاند" بێگومان ته‌نها كابینه‌ گۆڕین و وه‌زیر گۆڕین و سه‌رۆك وه‌زیران گۆڕین ‏هیچ شتێك له‌ بارودۆخی عێراق به‌گشتی ناگۆڕێت، عێراق ڕووبه‌ڕووی كاره‌ساتی گه‌وره‌ ‏بۆته‌وه‌، چ له‌ڕووی ئابورییه‌وه‌ ، چ له‌ڕووی نه‌خۆشی كۆرۆناوه‌، چ له‌ڕووی ئه‌منی و سیاسیی و ‏تەنانەت کۆمەڵایەتیشەوە. قەیرانی قوڵ و بۆماوەیی رووی لە عیراق کردوە. له‌چه‌نده‌ها ڕووی ‏تره‌وه‌ هه‌تا قه‌یرانی كه‌می ئاوو كاره‌با هەیە. كه‌رتی خزمه‌تگوزاییه‌كان له‌ولاوه‌ بوه‌ستێت، ئه‌مه‌ ‏به‌ته‌نها به‌گۆڕینی چه‌ند وه‌زیرێك ناكرێت، ده‌بێت دامه‌زراوه‌كان بگۆڕدرێت، شێوازی ‏بەرێوەبردن بگۆڕدرێت. ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها سه‌یرێكی خۆپیشاندانه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری پارساڵ بكه‌ین كه‌ ‏ده‌ستی پێكرد داوای خزمه‌تگوزاریان ده‌كرد، دواتر داواكارییه‌كانیان بوون به‌داواكاری سیاسی، ‏داوای سه‌ره‌تای خۆپیشانده‌ره‌كان نه‌بوون كه‌ داوای دامه‌زراندن،نان، خزمه‌تگوزارییان ده‌كرد. ‏به‌ڵام وای لێهات بێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كابینه‌ بگۆڕدرێت و حكومه‌ت بگۆڕدرێت كه‌ ئه‌مه‌ی ئێستای ‏لێكه‌وته‌وه‌‏‎."‎
هه‌روه‌ها وتی" عێراق پێویستی به‌ حكومه‌تێكی شەفاف و کارایە. چه‌ند مانگێكی زۆری خایاند ‏حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیشه‌كانی دیاریكراوبوو، بودجه‌ نه‌ده‌درا به‌و ‏شێوه‌یه‌ی كه‌ دراوه‌ خه‌رج بكرێت، بودجه‌ی 2020 تا ئێستا نه‌هاتۆته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌و دیراسەو ‏گفتوگۆی لەبارەوە نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێویستی ده‌كرد كه‌ حكومه‌تێك هه‌بێت كه‌ ئێمه‌ وه‌كو كورد ‏ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌ و داوای مافه‌كانی خۆمانی لێبكه‌ین، وه‌كو په‌رله‌مانی عێراقی چاودێربین ‏به‌سه‌ر كاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌، كاری وه‌زاره‌ت ته‌نها خۆی له‌وه‌ ده‌بینیه‌وه‌ كه‌ كاربه‌ڕێكه‌ر ‏بوو. به‌شێكی زۆر كه‌می ده‌توانی ئیشه‌كانی به‌ڕێ بكات، بۆیه‌ به‌نزیكه‌یی هه‌موو ئیشه‌كان وه‌ستا ‏بوون، چ له‌ حكومه‌ت چ كاری په‌رله‌مانی، پێویستی ده‌كرد عێراق حكومه‌تێكی بەرپرسیاری ‏هه‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌نگمان به‌م حكومه‌ته‌ داوه‌، بێگومان كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن و كۆمه‌ڵێك مه‌رجمان ‏بۆی داناوه‌ هیوادارین كه‌ ئه‌وانه‌ بێته‌ دی، ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌ڵێنه‌كانی خۆی بێنێته‌دی ئێمەش ‏هەوڵدەدەین چاودێر بین بەسەریەوەو داکۆکی لەمافی خەڵکی کوردستان دەکەین‎."‎
ده‌رباره‌ی پێشبینی و چاوه‌ڕوانی كورد له‌م كابینه‌ نوێیه‌ی عیراق؟ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنی ‏یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" شاراوه‌ نیه‌ كه‌ كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند زۆر گه‌وره‌یه‌، ‏پێگه‌ی كورد له‌ عێراقدا تادێت به‌ره‌و پاشه‌كشه‌ ده‌چێت، ئه‌گه‌ر سه‌یری سه‌ره‌تا بكه‌ین كه‌ كورد به‌ ‏چ هێزێكه‌وه‌ له‌وێ بوو. چه‌ند وه‌زاره‌تی هه‌بوو، وه‌ جومگه‌ گرنگه‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ی عێراقی ‏به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ئێستا له‌چاو ئه‌وكاته‌دا پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆری كردووه‌ بێگومان گه‌وره‌كانی ‏هه‌رێمی كوردستان له‌و هه‌ڵانه‌ بێبه‌ش نیین كه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ماندا هاتووه‌، ئێمه‌ له‌وێین ‏بۆئه‌وه‌ی به‌ ئه‌ركی خۆمان هه‌ستین و هه‌وڵی جددی بده‌ین كه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ به‌تایبه‌تی له‌دابین ‏كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پابه‌ندبین به‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ داومانه‌ كه‌وا سووربین و شه‌ڕی خۆمان ‏بكه‌ین له‌وێ و بۆ ئه‌مه‌ یه‌كڕیزی كورد له‌ به‌غدا زۆر گرنگه‌ بۆیە ئەو ماوەی کەماوە هیوادارم ‏هاوپەیمانێتی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لەبەغدا دروست بکرێت‎."‎
بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" ئه‌م په‌رته‌وازه‌یه‌یی كه‌ تا ئێستاش به‌دی ده‌كرێت ، ته‌نها ‏به‌ زیانی كورد ده‌شكێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ لێره‌ یه‌ك و یه‌كگرتوو بین، ڕاسته‌ كه‌ نابینه‌ ژماره‌یه‌كی ‏زۆرینه‌ له‌ ناو په‌رله‌ماندا ، به‌ڵام وه‌كو پێکهاتەیەکی سەرەکی و كیانێكی كوردی و سه‌ره‌كی له‌ ‏عێراق، ئه‌و كات ده‌توانیین به‌ڕۆڵی خۆمان هه‌ستین و چاودێربین و پێداگیربین له‌سه‌ر مافه‌كان‎."‎
ده‌رباره‌ی كێشه‌ی بودجه‌ و موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عیراق، بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ده‌ڵێت" ‏بودجه‌ی ساڵی 2019 كه‌ هاته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ و بڕیاری له‌سه‌ردرا، به‌شێكی باشی مافه‌كانی گه‌لی ‏كوردستانی تێدابوو ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بوو بۆ په‌رله‌مانتاران ،بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ‏توانرا له‌ بودجه‌ی 2019 دا هه‌تا به‌شی پارێزگاكان و زۆر شتی تر له‌ناو بودجه‌دا ده‌ستەبەر ‏بكرێت . ڕاسته‌ كه‌ به‌شێكیان وه‌كو گه‌نمی جوتیاران و هه‌تا موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ تاوه‌كو ئێستاش ‏جێبه‌جێنه‌كراوه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌ بوو، وه‌كو یاسا، له‌ یاسای 2019 دا بوو، ده‌توانم بڵێم كه‌ ‏خۆشبه‌ختانه‌ 2020 بودجه‌ نه‌هاته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌مان بۆ دروست ‏ده‌بوو. ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مان ده‌توانی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ 2019 دا ده‌سته‌به‌رمان كرد، ‏‏2020 ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندنه‌بوو به‌ناردنی ئه‌و بڕه‌ ‏نه‌وته‌ی كه‌ له‌ بودجه‌دا هاتبوو، كه‌ بڕیاری له‌سه‌ر درابوو و ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ر درا بوو، كه‌ ‏هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوو به‌وه‌وه‌، ئێمه‌ 2020 نه‌مانده‌توانی ئه‌و مافانه‌ بچه‌سپێنیین، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م ‏كێشانه‌ی كه‌ ڕوویدا وا ده‌كرێت ئێستا هه‌ر به‌ بڕیاری بودجه‌ی 2019 ، 2020 یش به‌ڕیوه‌ ‏ده‌چێت. ئه‌مه‌ به‌جۆرێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ زیانی زۆرمان ده‌كرد ‏به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ساڵی 2020 یشدا، هێشتا ‏هه‌ر یاسای 2019 له‌ بودجه‌دا جێبه‌جێده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌ قازانجی کوردستانە به‌و شێوه‌یه‌یه‌ی كه‌ ‏له‌ 2019 دا هاتووه‌‏‎."‎
بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت" نابێ بابەتی مووچەو قوتی خەڵک ببێتە بەشێک لەململانێی ‏نێوان لایەنەکان. مووچە مافە نابێ بەسیاسی بکرێت. بەداخەوە بابەتی مووچە بە سیاسی کراوە. ‏ده‌بێت به‌هه‌ر شێوازێك بێت، هه‌ر هۆیه‌ك، هه‌ر شتێك بێته‌ پێشه‌وه‌ ، عێراق پابه‌ندبێت به‌ پێدانی ‏مووچه‌وه‌ ، مووچه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ دێت ، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ له‌هه‌ولێر چی به‌سه‌ر ‏دێت ، به‌جددی ئیتر ئه‌وه‌ كاری په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمه‌ كه‌ به‌دواداچونی بۆ بكه‌ن و وه‌ڵامی ‏پرسیاره‌كان بده‌نه‌وه‌‏‎."‎
بڵێسه‌ ئاماژه‌ی به‌ناردنی بڕی چوارسه‌د ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غداد بۆ هه‌رێم كرد و وتی" وه‌كو ‏یاسا، وه‌كو ماف، ئه‌مه‌ ته‌نها مافی مووچه‌یه‌ ده‌بێت ته‌نها بۆ مووچه‌ خه‌رج بكرێت، بۆ مووچه‌ی ‏فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هی مانگی چوار، نابێت بۆ بابەتی تر خەرج بکرێت. ئه‌مه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ به‌و ‏شێوه‌یه‌ هاتووه‌، راستی ئەوەیە له‌ هه‌رێمیش به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش بكرێت. به‌ڵام وه‌كو وتم كه‌ ده‌گاته‌ ‏هه‌رێم ، له‌ هه‌رێم به‌شێوازێكی تر دابه‌ش ده‌كرێت یان ناكرێت و ڕاده‌گیرێت، ئه‌مه‌یان -بۆ ‏ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانی كاری چاودێری یه‌كتری نه‌كه‌ین- ئه‌مه‌ ئیشی چاودێری په‌رله‌مانی ‏كوردستانه‌ كه‌ به‌دوایدا بچێت و به‌دواداچوونی بۆ بكات، بۆیه‌ من نامه‌وێت لێره‌وه‌ زۆر ‏ته‌ده‌خولی ئه‌وه‌ بكه‌م ، به‌ڵام وه‌كو وتم ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ مووچه‌یه‌ و ده‌بێت بۆ مووچه‌ بدرێت‎."‎
‎"‎ئێمه‌ چاوه‌ڕێین بزانیین لێره‌ وه‌ڵامه‌كانیان چیه‌؟ وه‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی چی ‏ده‌بێت ؟بۆ ئه‌وه‌. بێگومان ئێمه‌ نامه‌نه‌وێت له‌به‌غداد هیچ شتێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی ‏كوردستاندا نییه‌ وه‌كو كیانێك، ئێمه‌ بیجوڵێنیین . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو وتم په‌رته‌وازه‌یی كورد له‌وێ ‏زۆر به‌زیانی ئێمه‌ ده‌شكێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ خۆمان له‌و لێدوانانه‌ ده‌پارێزین كه‌وا ئێمه‌ بڵێن ‏له‌ به‌غدادوه‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین چونكه‌ ئه‌مه‌ دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، بۆیه‌ ‏داواكارم په‌رله‌مانی هه‌رێم به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت و چاودێری ئه‌وه‌ بكات بزانێت ئه‌و پاره‌یه‌ ‏چۆن؟ بۆخه‌رج ناكرێت بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران؟ بۆ به‌م شێوه‌یه‌ گه‌یشتۆته‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌.؟" ‏بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان وایوت‎"‎
بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند" ‏ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئیش ده‌كه‌ین كه‌ ده‌مانه‌وێت ماڵی كوردی له‌ به‌غداد یه‌كڕیز ‏ده‌ركه‌وێت، یه‌كڕیزبێت، به‌ڕێز دكتۆر فوئاد حسێن" ته‌نها كاندیدی پارتی بووه‌، ئه‌وان ‏دانوستانیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستادا له‌گه‌ڵ "به‌ڕێز كازمی" دا . گه‌یشتونه‌ته‌ ‏ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ ئه‌و بێت، هه‌روه‌ها كازمی و كوتله‌كانی تریش پێی ڕازی بوون بێگومان ‏ئێمه‌ نه‌مان ویستووه‌ له‌وێدا به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ركه‌وین كه‌وا یه‌كڕیزی ماڵی كورد تێك بده‌ین، ئێمه‌ش ‏به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌نگمان پێداوه‌ چونكه‌ كازمی پێش ئه‌وه‌ "سیڤی" كاندیده‌كانی ناردووه‌ بۆ ‏په‌رله‌مان، بۆ ئه‌و پۆسته‌ ته‌نها كاك فوئاد بووه‌، واته‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری ڕازی بوون و كازمی ‏خۆی له‌سه‌ری ڕازی بووه‌ ،بۆیه‌ ئێمه‌ نه‌مان ویستووه‌ له‌وێدا یه‌كڕیزی نێو ماڵی كورد تێكبده‌ین، ‏وه‌ ده‌نگی زۆرینه‌ هه‌ر سه‌ری ده‌گرت، ئه‌وانیش ده‌نگیان به‌كاندیده‌كه‌ی ئێمه‌ دا بۆیه‌ ئێمه‌ له‌وێدا ‏ده‌نگمان به‌كاك فوئاد داوه‌‏‎."‎
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" دۆخی عیراق زۆر ئاڵۆزەو بەم شێوازی بەڕێوەبردنە ئاسان نیە مافەکانی ‏کوردستان دەستەبەر بکرێت. بەڵام دواجار بەغدا سەنگەرێکی گرنگی شەڕی دیموکراسی و ‏شەڕی مافە دەستوریەکانمانە، نابێت لەدورەوە دروشمی نیشتمانی و نەتەوەیی فڕێ بدرێت، ‏خەبات بۆ بەدیهێنانی دروشمەکان لەبەغداده‌وە کاریگەری زیاترە، واقعی سیاسی ئەم سەردەمە ‏لەبەرچاو بگرین و پێکەوە بتوانین رێ لەهەر پیلانێک بگرین دژ بە مافی خەڵک و خاکەکەمان، ‏ئێمە بۆ مەسەلەیەکی نیشتمانی و مێژوویی چوینەتە بەغداو کاری بۆ دەکەین. راپەڕاندنی ‏ئەرکەکانیش بە هەماهەنگی و یەک دەستی لایەنە کوردستانیەکان دەکرێت، گەر یەکگرتوو بین ‏پێمان دەکرێت، گەر وەک ئێستاش بین زەحمەتە بەدیهێنانی ئامانجەکانمان‎."‎
بۆ گوێگرتن لە تەواوی چاوپێکەوتنەکە کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە:‏
SHARE
© Copyright 2020 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft