قەزای (پشدەر): ئەنجومەنی پارێزگا‌و هاووڵاتیان گفتوگۆیان لەسەر گرفتەكانی  قەزاكە كرد
   
(رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی) بە هاوكاری رێكخراوی (سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسیNED) هەستا بە ئەنجامدانی نۆیەمین گفتوگۆی كراوە لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا‌و  بەشێك لە دامودەزگاو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی‌و هاووڵاتیاندا لە سنوری  قەزای (پشدەر)،
سەرەتا بەڕێز (بەكر بایز) قائیمقامی قەزای (پشدەر) وتەیەكی پێشكەش كردو سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كرد كە رووبەڕوو لەگەڵ هاووڵاتیاندا گفتوگۆ لەسەر كێشەو گرفتەكانی ناوچەكە دەكەن، هەروەها لە كۆتایشدا سوپاسی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ی كرد لەبەرامبەر ئەنجامدانی چالاكییەكی لەوجۆرە‌و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەمە هەلێكە باشە بۆ گەیاندنی داواكاری و كێشەو گرفتەكانی قەزاكەمان بە لایەنی پەیوەندیدار بەو ئومێدەی  لەكۆتاییدا بەسوودی هاووڵاتیان كۆتایی پێبێت، ئەمە جگەلە ئاماژەدان بە رێگریەکانی بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا، لەوانەش قەرانی دارایی...  لەگفتگۆكراوەكەدا كە دوو كاتژمێرو نیوی خایاند گفتوگۆیەكی فراوان لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و ئامادابوواندا دروست بوو، لەسەر ئەو كێشەو گرفتانەی كە لە قەزاكەدا هەن، لەوانەش (كێشەی مەرزی كێڵێ، زیادەرۆی كردنە سەر زەویەكانی شارەوانی‌و كێشەی كەمی كارەبا) ئەم جگە لە ئاڕاستەكردنی چەند رەخنەو گلەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگاو ئەدای ئەنجومەنەكە، لەهەمانكاتیشدا چەندین پێشنیار خرانە بەردەست ئەندامانی ئەنجومەن‌و لەبەرامبەریشدا ئەندامانی ئەنجومەن بەڵێنیاندا كە بەدواداچوون بۆ كێشانە بكەن كە لە سنوی دەسەڵاتی ئەنجومەندان. 
شیاوی باسە ئەم چالاكییە لەچوارچێوەی  پڕۆژەی (بەهێزكردنی ئەدای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیاندا)یە كە لەلایەن رێكخراوی (NED) پاڵپشتی دەكرێت.
لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە ئەم بەڕێزانە ئامادەی گفتۆكراوەكە بوون: 
1. ئاڤان جەمال
2. هاوسەر هۆشیار
شایەنی باسە پێشتر(رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)  لە هەر هەشت  قەزای (رانیە – شارەزوور- چەمچەماڵ – دوكان- دەربەندیخان- سەیدصادق، پێنجوێن، قەرەداغ) هەشت چالاكی تری هاوشێوەی ئەنجامداوە، بڕیاریشە لە داهاتوودا (یەك) گفتوگۆی كراوەی تر ئەنجام بدرێت.
















SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft