لەنێو بارودۆخێكی ناجێگیرو ئاڵۆزدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (چل‌ودووەمین)ی كۆبوونەوەی ئەنجامدا‌و تەوەری كۆبوونەوەكەش بیرتیبوون لە:
1. سوێندخواردن‌و دەستبەكاربوونی بەڕێز (عەلی كەریم عەلی)وەك ئەندامی نوێی ئەنجومەنی پارێزگا لە جێگای بەڕێز (د. هەڤاڵ ئەبوبەكر).
2. خستنەڕووی سەردان‌و بەدواداچوونی ئەنجومەن بۆ قەزای (دەربەندیخان، شارەزوور، مەیدان)و سنورەكە تایبەت بەرووداوی بوومەلەزەكە‌و دەرهاویشتەكانی‌و گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ قەرەبووی زیانلێكەتووان. 
3. خستنەڕووی ئەنجامی سەردان‌و بەدواداچوونی ئەنجومەن بۆ قەزای (ماوەت)‌و گوندی گەڵاڵە، سەبارەت بەداواكاری‌و گرفتەكانی ناوچەكەو ئیدانەكردنی بۆردوومانەكانی توركیا لەسنورەكەو گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ چارەسەر.
4. میوانداری بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی سەبارەت بە خراپی رەوشی كارەبا لە پارێزگای سلێمانی‌و دەستنیشانكردنی گرفتەكان‌و گرتنەبەری رێگاكانی چارەسەر.
5. بەخشینی بەرێز (بهاالدین ابراهیم فارس )لە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی‌و پەسەندكردن‌و دانانی بەرێز (كمال مستەفا سعید) لەشوێنی ناوبراو .
شیاوی باسە كۆبوونەوەكە بۆ ئەمڕۆی بارودۆخی پارێزگای سلێمانی وەك پێویست گرنگی نەبوو، چونكە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە، ئاڵۆزیی لە پارێزگاكەدا دروستبووە‌و خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی هاووڵاتیان زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی‌و ناو شاری سلێمانی گرتۆتەوە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، پێویست بوو ئەنجومەنی پارێزگا (سێشەممە)ی رابردوو (12/12/2017) كۆبوونەوەی ئەنجامبدایەو گفتوگۆی ئەم تەوەرانەی بكردایە، لەبەر ئەوەی رۆژێك زووتر لە خەمی قوربانیانی رووداوی بوومەلەزەكەدا بوونایە، ئەمەش یەكێكە لەكاریگەریە نەرێنییەكانی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكان لە كاتی خۆیاندا، بۆیە باشتربوو ئەنجومەن كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لەسەر خۆپیشاندانەكان‌و داواكاری هاووڵاتیان‌و پلان‌و ئەركی ئەنجومەن بۆ ئەم دۆخە ئاڵۆزە بووایە نەك دەركردنی تەنها بەیاننامەیەك!
هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر ئەم تەوەری دووەم زۆر درێژەی خایاند، بۆیە چەند جارێك بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا داوای لەئەندامانی ئەنجومەن كرد كۆتایی بەم تەوەرە بهێنن لەبەر ئەوەی بارودۆخی سلێمانی مەترسیدارە، باكۆتایی بەم بابەت بهێنرێت.







SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft