پاش بەردەوامبوونی شاڵاوەكانی گرتنی چالاكوانان‌و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە چەكدارەكانەوەو هێنانی هێزێكی زۆر بۆ ناو سەنتەری شاروشارۆچكەكان، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ (یەكشەممە) بەرواری (24/12/2017) راگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوەوەو تیایدا داوای ئازادكردنی چالاكوانان‌و كشانەوەی هێزەچەكدارەكان لەسەرۆك‌و ئەندامانی لیژنەی ئەمنی شاروشارۆچكەكان دەكات.
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:

راگەیاندراوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
بۆ رایگشتی‌و خەڵكی سنوری پارێزگاكانی سێمانی‌و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان‌و راپەڕین دڵنیاتان دەكەینەوە كە خۆپیشاندان مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە‌و لە ئەنجامی قەیرانە كەڵەكەبووەكانی هەرێمەوە خۆی دەبینێتەوە لە نەبوونی بودجەو مووچەو خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان كەئەمانە هۆكاری یەكەمی خۆپیشاندانەكانە... هەروەك چۆن داوامانكردووە لە خۆپیشاندەران كە بەشێوازێكی مەدەنیانە داوای مافەڕەواكانی خۆیان بكەن، بەهەمان شێوەش پێویستە لەسەر حكومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان مامەڵەی گونجاوو مەدەنیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكەن‌و كاربۆ جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان بكەن.
وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لەبەڕێزان سەرۆك‌و ئەندامانی لیژنەی ئەمنی شارو شارۆچكەكان دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1. ئازادكردنی سەرجەم دەستگیركراوەكان‌و دەستهەڵگرتن لە بەدواداچوون‌و گەڕان‌و گرتنی چالاكوانان.
2. كشانەوەی ئەو هێزانەی هێنراونەتە ناو سەنتەری شارو شارۆچكەكان.
3. كاربكەن بۆ پاراستنی ئاشت‌و كۆمەڵایەتی لە نێوان هاووڵاتیان‌و حكومەت‌و لایەنە سیاسیەكاندا

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft