محمەمەد شێخ وەهاب لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) رایگەیاند، پاش ئەوەی چەند هاووڵاتییەكی سنوری ئیدارەی گەرمیان سكاڵایان ئاڕاستەی لیژنەی (ناوخۆو ئاسایش)ی ئەنجومەنی پارێزگاكرد، بەندە وەك بڕیاردەری لیژنەكەو وەك یەكێك لە نوێنەرانی گەرمیان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونمان بۆ سكاڵای هاووڵاتیان كرد‌و دەركەوت كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نرخی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە نووسینگەكانی قەزای (كەلار)‌و قەزای (كفری)دا لەكاتێكدا هەردووكیان لەسنوری بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیاندان، بەجۆرێك لە قەزای كەلار هاووڵاتیان بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری تایبەت بڕی (160.000) سەدو شەست هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری گشتیش بڕی (120.000) سەدو بیست هەزاردینار وەردەگیرا، بەڵام لە قەزای كفری تەنها بڕی (50.000) پەنجا هەزاردینار لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت بۆ هەردوو جۆر مۆڵەتەكە.
پاشان ناوبراو لەدرێژەی لێدوانەكەیدا رایگەیاند: (بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی گەرمیانمان كرد لەوبارەوە گفتوگۆی پێویستكرا، لەكۆتایدا هاتووچۆی گەرمیان بڕیاریاندا كە بڕی (20.000) بیست هەزاردینار بۆ دەرهێنانی هەردووجۆر مۆڵەتەكە كەمبكرێتەوە لە قەزای كەلار.)
لەكۆتایشدا محەمەد شێخ وەهاب، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ئەوان وەك ئەنجومەنی پارێزگا داوای كەمكردنەوەی زیاتر دەكەن، هیوادارین لەداهاتوودا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان رەچاوی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان بكات‌و نرخی دەرهێنانی مۆڵەت لەو نرخەی ئێستای كەمتر بكرێتەوە.


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft