رۆژی شەممە، بەرواری (27-1-2018)، بەرنامەی شەشەمی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) بەمیوانداری هەریەكە لە بەڕێزان (رزگار حەمە نوری) جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و كاروباری ئەندامان و رێكخراوە مەدەنییەكان و كۆچ و كۆچبەران، هەروەها (كاسترۆ مەعروف) سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی و سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و كارگێڕی و ئابوری پێشكەشكرا.
سەرەتا بەڕێز (رزگار حەمە نوری) ئاماژەی بە چارەسەركردنی گرفتی چەند پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون كرد لە سلێمانی، دوای ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ كردووە لەگەڵ هەوڵیان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی ئاو بۆ شاری مامۆستایان.
ئەوەشیخستەڕو، زۆربەی كۆمپانیاكانی هەرێم كە پرۆژەیان هەبووە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە پرۆژەكانیان تەواو بكەن.
باسی لە پلان و بەرنامەی ئەنجومەنیش كرد بۆ پرۆژەكان و وتی "سێ‌ ساڵە بودجە نەبووە تا پرۆژە جێبەجێ‌ بكرێت".
سەبارەت بە نەبوونی سەرۆك بۆ فراكسیۆنی یەكێتی، رزگار حەمەنوری ئاماژەی بەوەدا، رێككەوتنەكە وابووە دوای تەواوبونی ماوەی سەرۆكایەتی رێكەوت زەكی، ئەو ببێتە سەرۆكی فراكسیۆن و 7 ئەندامیشیان ئیمزایان لەسەر كردووە، بەڵام دواتر دوو ئەندامی خۆیان لە ئیمزاكەیان پەشیمانبونەوە و وتویانە ئەوانیش خۆیان كاندید دەكەن، ئەویش بۆ ئەوەی كێشەیەكی تر بۆ یەكێتی دروست نەبێت، دەستبەرداری بووە، بۆیە بەڕێز (ئازاد محەمەد ئەمین) وەك براگەورەی هەموویانە لە فراكسیۆن و فراكسیۆنەكەیان لەبری سەرۆك، براگەورەی هەیە.

كاسترۆ مەعروف:

ئەگەر هاووڵاتی نەزانێت داهاتی سلێمانی چەندە و چۆن خەرج دەكرێت، كەواتە هەموو ئاڵوگۆڕە ئیدارییەكان رەمزین.

دواتریش بەڕێز (كاسترۆ مەعروف) سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە بەرنامەكەدا ئاماژەی بەوەدا، زۆر درەنگ رەزامەندی دراوە لەوەی سەرۆكایەتی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و كارگێڕی و ئابوری بدرێتە دەستیان، لەبەرئەوەی ترساون لەوەی پرسیار لە داهاتی سلێمانی بكەن. وتیشی "یاداشتێكم ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن و پارێزگاری سلێمانی كردووە، كە داهاتی سلێمانی چەندە و چۆن خەرج دەكرێت و ئەگەر د.هەڤاڵ ئەبوبەكر وەڵام نەداتەوە یان ژمارەكان هەمان ئەو ژمارانەی رابردوبن، ئەوا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەكەم و هەموو راستییەكان بۆ خەڵك دەخەمەڕو، پێیان دەڵێم هەموو ئاڵوگۆڕە ئیدارییەكان رەمزین.
لەبارەی بواری كشتوكاڵیشەوە، رەخنەی توندی لە وەزارەتی كشتوكاڵ گرت و بە خراپترین وەزارەتی وەسفكرد بۆ ئەوەش چەند نمونەیەكی خراپیی كارەكانی ئەو وەزارەتەی هێنایەوە.
هەروەها لەبارەی وەرگرتنی پارەی گەنمی جوتیارانیشەوە رەخنەی لە پەرلەمانتارە كوردەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گرت و وتی "نە ئازان و نە جورئەتیان هەیە، چونكە ئەگەر ئازا بونیانە خێوەتیان لەبەردەم پەرلەمان هەڵدەدا تا مافی جوتیاران وەربگرنەوە".
به‌رنامه‌ی (ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان)، له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی رێكخراوی كوردستان بۆ هه‌موان-ه‌، كه‌ به‌ هاوكاری رێكخراوی (NED) (سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی) له‌رادیۆی نه‌واوه‌  رۆژانی شەممە كاتژمێر (2:00 -3:00)ی پاشنیوەڕۆ پێشكەش دەكرێت‌و رۆژانی یەكشەممە كاتژمێر (9:00-10:00) دووبارە دەبێتەوە. ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هاووڵاتیان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانییه‌ .
بۆ گوێگرتن لە تەواوی بەرنامەکە کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە :
  http://www.radionawa.com/programview.aspx?n_=3289&p_=29

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft