رۆژی (شەممە) بەرواری (10/2/2018)، هەشتەم بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) بەمیوانداری هەریەكە لە بەڕێزان (دانا جەزا عەلی/ سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) و (لاڤان بەرزان بەڕێوەبەری پرۆژە لە ناوەندی نیشتمانی بۆ مافەكانی مرۆڤ) پێشكەشكرا.
لە بەرنامەكەدا، دانا جەزا ئاماژەی بەوەدا بەپێی یاسا دەتوانن میوانداری هەر بەڕێوەبەرێك بكەن بۆ ئەنجومەن بە بەڕێوەبەری ئاسایش و پۆلیسیشەوە، كارەكانیشیان تایبەتە بە بەدواداچوون بۆ كاروباری هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ.
 ئەوەشیخستەڕو، كۆمەڵێك گرفت لەبەردەم كارەكانیاندایە لەوانە دامودەزگا و فەرمانگە حكومییەكان وەك پێویست ئاشنا نین بەو یاسایەی ئەنجومەن كاری پێدەكات و هەروەها لە روانگەی ئەوەی كارەكانیان بەداواداچوونە، بودجە نییە تا پرۆژە بكەن و ئەوەش كاری ئەوانی كەمكردۆتەوە، ململانێی سیاسیشی لە سلێمانی بە یەكێك لە گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم لیژنەكەیانزانی.


لاڤان بەرزان:  لەسنوری پارێزگای سلێمانی: چەندین حاڵەتی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ و ئەشكەنجەو سوكایەتی و ئەشكەنجەی دەروونی بوونی هەیە

لەتەوەری دووەمی بەرنامەكەدا بەڕێز  (لاڤان بەرزان) بەڕێوەبەری پرۆژە لە (ناوەندی نیشتمانی بۆ مافەكانی مرۆڤ) ئاماژەی بە كاروچالاكییەكانی رێكخراوەكەیان كرد و وتی "چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ دەكەین لە سلێمانی و ئەو دەزگایانەی سەربە وەزارەتەكانی ناوخۆ و كاروكاروبای كۆمەڵایەتین".

ئەوەشیخستەڕو، ناوەندەكەیان، چەندین حاڵەتی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ و ئازار و ئەشكەنجە و لێدان بە كارەبا و سوكایەتی و ئەشكەنجەی دەروونی دەستنیشان و تۆمار كردوە، تەنانەت بەچاوی خۆیان ژمارەیەك لەو حاڵەتانەیان بینیوە.
لەبەرامبەردا دانا جەزا رەخنەی لە رێكخراوەكان گرت، كە ئەو راپۆرتانە ئامادە دەكەن و وێنەیەك نادەنە دەست ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تا بەدواداچوونی بۆ بكەن، بۆیە داوای كرد ئەو راپۆرتەیان پێبگات. هەربۆیە لە هەردوولاوە بەڵێندرا لەپێناو زانین و باشكردنی رەوشی مافی مرۆڤ لە سلێمانی، هەماهەنگی بكەن كە پێشتر نەیانبوە.
به‌رنامه‌ی (ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان)، له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی رێكخراوی كوردستان بۆ هه‌موان-ه‌، كه‌ به‌ هاوكاری رێكخراوی (NED) (سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی) له‌رادیۆی نه‌واوه‌  رۆژانی شەممە كاتژمێر (2:00 -3:00)ی پاشنیوەڕۆ پێشكەش دەكرێت‌و رۆژانی یەكشەممە كاتژمێر (9:00-10:00) دووبارە دەبێتەوە. ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هاووڵاتیان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانییه‌ .

بۆ گوێگرتن لە تەواوی بەرنامەکە کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە :

http://www.radionawa.com/programview.aspx?n_=3396&p_=29
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft