ئەمڕۆ (دوو شەممە) بەرواری (6/8/2018) لە هۆڵی (سەنتەری گەنجان) لە قەزای كۆی بەئامادەبوونی هەریەكە لەبەڕێزان (كەنعان خەیلانی) و(رێباز بێركۆتی) و (عبدالرحمن مهندس) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر‌و بەڕێز (تارق حەیدەری) قائمقامی قەزای كۆیە، رێكخراوی (كوردستان بۆ هەمووان)‌ لەدرێژەی چالاكییەكانیدا كە بەهاوكاری رێكخراوی (NED )ئەنجامدەدرێت‘ هەستا بەئەنجامدانی گفتوگۆیەكی كراوەی تایبەت لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای (هەولێر)و بەڕێوبەرانی فەرمانگە حكومیەكانی قەزای (كۆیە) بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەرخستنەڕووی كێشەو گرفتەكانی ناوچەكەو هەروەها وەرگرتنی راوپێشنیاری هاووڵاتیان.
لەسەرەتادا هەریەكە  لەبەڕێزان  (عبدالرحمن مهندس) و(رێباز بێركۆتی) و (كەنعان خەیلانی) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پاش روونكردنەوەی ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئاماژەشیان بۆ ئەو ڕێگریانە كرد كە دێنە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەر لەمیانی گفتوگۆكراوەكەدا ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر چالاكییەكەی (رێكخراوی كوردستان بۆهەمووان)یان بەرزنرخاند‌و ئەو رەخنەیەشیان ئاڕاستەی رێكخراوی (كوردستان بۆ هەمووان) كرد، كە وەك چۆن هەڵسەنگاندن‌و بەدواداچوونیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە، بریا بەهەمان شێوەش هەڵسەنگاندن‌و بەدواداچوونیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بكردایەو هیوایان خواست ئەمە كۆتا چالاكی رێكخراوەكە نەبیت لەقەزاكەداو لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێردا .
پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوە ، ئامادەبوانیش لەگەڵ گرنگی  ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاكییە بوون و پێیان وابوو چالاكییەكە زۆر گرنگە بەڵام درەنگ ئەنجامدراو بریا زووتر ئەم چالاكییە ئەنجامبدرایە، هیوایان خواست لانییكەم لەساڵێكدا چەند جارێك  ئەم جۆرە چالاكییانە ئەنجامبدريت دواتر وێڕای خستنەڕووی گرفتەكانیان چەند رەخنەیەكیشیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگاكردو راو پێشنیاری خۆیان خستەڕوو بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بتوانێت لە چوارساڵی داهاتوودا كاریان لەسەر بكات.




















SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft