ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی،  رۆژی (سێ شەممە) بەرواری (22/1/2019) بەئامادەبوونی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن‌و  بەئامادەبوونی (28) ئەندامی ئەنجومەن، (51)هەمین كۆبوونەوەی ئەنجامدا، كۆبونەوەكەش تەرخانكرابوو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دوو تەوەر، كە بریتیبوون لە دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەكان‌و (دووبارە دەنگدان لەسەر هەردوو ناحیەی بنگردو خدران بۆ سەر ئیدارەی سلێمانی)).
سەبارەت بەتەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە كە بریتیبوو لە سەرلەنوێ پێكهێنانی (لیژنە هەمیشەییەكان)، لەم تەوەرەدا  ئەوەی كە مشتومڕی لەسەر دروستبوو،  پێكهاتەی (لیژنەی پیشەسازی ‌و سامانە سروشتیەكان) بوو، ئەویش بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی هەریەكە لە (ئەكرەم شەریف، رێكەوت زەكی‌و دیمەن رەزا) لیژنەكە، بۆیە گفتوگۆیەكی زۆر لەسەر پێكهاتەی نوێی لیژنەكە دروستبوو بەتایبەت لەنێوان ئەندامانی هەردوو فراكسیۆنی (یەكێتی‌و گۆڕان)،  لەبەر ئەوەی ئەنجومەن نەگەیشتە بڕیاری كۆتایی لە سەر پێكهاتەی لیژنەی (پیشەسازی‌و وزە) بۆیە جێگری سەرۆكی ئەنجومەن پێشنیاری دواخستنی كۆبوونەوەكەی كرد بۆ ماوەی نیو كاتژمێر، بەمەبەستی چارەسەكردنی گرفتەكە لەدەرەوەی هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن.
پاش رێككەوتنێكی كاتی لەدەرەوەی هۆڵی كۆبوونەوەكە، دووبارە كۆبوونەوەكە دەستیپێكردەوە بە دەنگدان بە لیژنەكە بەڵام بە (سێ) ئەندام لەبری (حەوت) ئەندام بەشێوەیەكی كاتی تادواتر  رێگا چارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، بەمەش كۆتایی بە گرفتەكەهات.
شیاوی باسە پاش ئەوەی دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەركەوتن بۆ (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)‌و هەروەها ئەندامێكی تریش سەركەوت بۆ (پەرلەمانی كوردستان) ئەمەش بۆشایی لەنێو لیژنە هەمیشەیەكاندا دروستكرد، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا تاساتی ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە نەیتوانی بوو پێكهاتەی لیژنەكان سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە.  
سەبارەت بە تەوەری دووەم كە تایبەت بوو بە (دووبارە دەنگدان لەسەر هەردوو ناحیەی بنگردو خدران بۆ سەر ئیدارەی سلێمانی) بەمیوانداری (قائمقامی قەزای رانیە‌و بەڕێوبەرانی هەردوو ناحیەی بنگردو خدران) گفتوگۆی لەسەر كرا بەڵام بەهەمان شێوە، ئەنجومەن نەگەیشتە بڕیاری كۆتایی‌و هەر لەسەرەتادا بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی،  پێشنیاری ئەوەیكرد كە كۆبوونەوەكە بكرێتە كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری‌و دواتر بڕیاری لەسەر بدرێت.
بەمەش كۆبوونەوەكە كۆتایهات بەبێ ئەوەی ئەنجومەن بگاتە بڕیاری كۆتایی لەسەر هەردوو تەوەی كۆبوونەوەكە....
 

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft