ئەحمەد حاجی رەشید: دەتوانیین لەرێگەی دیوانی چاودێری‌و دەستەی دەستپاكییەوە چاودێری ئەو بڕە پارەیە بكەین كە لەلایەن بەغداوە دەگاتە هەرێمی كوردستان.

ئازاد محەمەد ئەمین: كێشەی كەمئاوی یەكێكە لەو كێشانەی تائێستا چارەسەر نەكراوەو ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە بەرواری (10/2/2019) بە میوانداری هەریەكە لەبەڕێزان (ئەحمەد حاجی رەشید) سەرۆكی فراكسیۆنی (كۆمەڵی ئیسلامی) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و بەڕێز (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێشكەشكرا
لە سەرەتادا بەڕێز (ئەحمەد حاجی رەشید) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و بڕیاردەری لیژنەی دارایی، ئاماژەی بۆ هەندێك لە خاڵە ئەرێنی‌و خاَلە نەرێنییەكانی پڕۆژە بودجەی ساڵی (2019)ی عێراق خستەڕوو...


هەر لەدرێژەی بەرنامەكەدا، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: "بۆیەكەمجارە پێشمەرگە خراوەتەوە سەر هێزی ئیتحادی عێراق‌و  راستەوخۆ لە وەزارەتی بەرگری عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت...."
هەروەها وتی :" بۆ ئێمە نییە تەداخول لە هەرێم بكەین لەبەر ئەوەی هەرێم خۆی خاوەنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام دەتوانیین لەرێگەی دیوانی چاودێری‌و دەستەی دەستپاكییەوە چاودێری ئەو بڕە پارەیە بكەین كە لەلایەن بەغداوە دەگاتە هەرێمی كوردستان. "
دواتر ناوبراو وتی: "ئێمە نازانین هەرێم چەند قەرزارەو چەند بەدەستدەهێنێت؟"
لەكۆتایشدا بەڕێز (ئەحمەدی حاجی رەشید) وتی من بەربژێری كۆمەڵی ئیسلامی بووم، بەڵام ئێستا نوێنەری هەموو هاووڵاتیەكەم بێجیاوازی‌و لەخزمەتی هەموو هاووڵاتیەكدا دەبین.




پاشان تەوەری دووەمی بەرنامەكە تایبەت بوو بە میوانداری بەڕێز (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
لە سەرەتادا بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لە بەردەوامی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان كردو وتی: "تائێستا هیچ بڕیارێك نییە كە كە كاری ئەنجومەنەكانی وەساتندبێت، بۆیە ئێمەوەك نوێنەری خەڵكی لەكاری خۆمان بەردەوام دەبین..." 
دواتر (ئازاد محەمەد ئەمین) باسی لە چوارساڵی رابردووی ئەنجومەن كردو ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەم خولەی ئەنجومەندا شەڕی داعش‌و قەیرانی دارایی‌و تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداو تێكچوونی پەیوەندی لایەنەسیاسیەكانی هەرێم هەموویان بوونە رێگر لەبەردەم ئەنجومەنەكاندا، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە توانیومانە چەندین كاری باشیش ئەنجامبدەین، وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی توانیومانە چەندین كێشەی هاووڵاتیان چارەسەر بكەین‌و ماف بۆ خاوەن ماف بگێرێنەوە.
پاشان لە تەوەرێكی دیكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە كێشەی كەمئاوی یەكێكە لەو كێشانەی تائێستا چارەسەر نەكراوەو ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.
 
بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانیان)، بەرنامەیەكی هەفتانەی تایبەتە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بەهاوكاری (رێكخراوی NED)ئەمریكی لەرادیۆی (نەوا)وە رۆژانی (یەكشەممە)
كاتژمێر (2:00) بۆ (3:00)ی پاشنێوەڕوان بەمیوانداری نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)‌و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێشكەشدەكرێت. 

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft