ئەمڕۆ (دووشەممە) بەرواری (13/5/2019)، بەڕێز (حەسەن ئاڵی ئەحمەد) ئەندامی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) سەردانی ئۆفیسی سەرەكی (رێكخراوی كوردستان بۆهەمووان)ی كرد لەشاری سلێمانی‌و لەلایەن  (ئارام كەمال) بەڕێوبەری پڕۆژەوە پێشوازیلێكرا ....

لە میانی كۆبوونەوەیەكدا كە نزیكەی (30) خولەكی خایاند، بەڕێز بەڕێوبەری پڕۆژە خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەكە دەربڕی‌و بەناوی رێكخراوەوە سوپاسی بەڕێزيانى كرد،  پاشان تیشكی خستە سەر كارو چالاكییەكانی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) لە رابردوودا‌و دواتریش چالاكییەكانی پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) بۆ ئەو ئەندامەی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) روونكردەوە .

لە بەرامبەردا بەڕێز (حەسەن ئاڵی) خۆشحاڵی خۆی بۆ پڕۆژەیەكی لەوشێوە دەربڕی‌و لای خۆیانە بەڵێنیاندا چ لە ئێستاو چ لە داهاتووشدا لەسەر خستنی ئەو پڕۆژەیەدا بەشداربن و ئامادەيی هەموو جۆرە هاوكاریەكيشيان لەو بارەیەوە دەربرى  .

سەبارەت بە چاودێریكردن‌و بەدواداچوون بۆ ئەدای (ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، (حەسەن ئاڵی) رایگەیاند: بەش بەحاڵی خۆم ئەوە بەكارێكی گرنگ دەزانم، پێویستە هاووڵاتیان و دەنگدەر ئاشنابن بەو هەوڵ‌و ئەدای ئێمەی پەرلەمانتاران چونكە ئێمەوە بۆخزمەتی هاووڵاتیان چووینەتە ئەو جێگایە .

هەروەها وتی" بوونی ئەم جۆرە رێكخراوانە جێگەی دەستخۆشین‌و پێویستە بەهەموولایەكمان هاوكارو هەماهەنگ بین لەپێناو ئەوەی باشترین خزمەت پێشكەش بە هاووڵاتیانی خۆمان بكەین .

لە كۆتایشدا سەرجەم بڵاوكراوەكانی (رێكخراوی كوردشتان بۆ هەمووان) پێشكەش بە بەڕێزیان كرا.

   


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft