ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەریدا ئاشكرایكرد حكومەتی عیراق سوتەمەنی بۆ هاووڵاتیان لە پارێزگاكانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام بە تەواوی نادرێت بە هاووڵاتیان.
(غالب محەمەد)نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە حكومەتی عیراق نەوتی سپی و بەنزین و گاز دەنێرێت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم، بەڵام نادرێت بە هاووڵاتیان و لێی سودمەند نین، بەڵكو بۆ شوێن و مەبەستی دیكە خەرج دەكرێت.
ئەو نوێنەرەی پارێزگای سلێمانی ڕونیكردەوە بەپێی ئەو بڕە نەوتەی بۆ پارێزگای سلێمانی هاتووە، دەبوایە لە 2018 زۆرێك لە هاووڵاتیان و نیوەی پارێزگاكە بەشی خۆیان وەربگرتایە، بەڵام لە زۆر شوێن هاووڵاتی نەوتی وەرنەگرتووە . هەورەها (غالب محەمەد) وتی: داوامان لە پارێزگای سلێمانی كردووە، بزانێت چەند سوتەمەنی هاتووە و چەند خەرجكراوە؟ بەڵام وەڵامیان نەبووە، ناكرێت پارێزگا ئاگای لە دابەشكردنی سوتەمەنی نەبێت و نەزانێت چی لێهاتووە.
دەشڵێت “بەغدا سوتەمەنی دەنێرێت دەبێت پارێزگاكان چاودێری بكەن چۆن دابەشدەكرێت، بەڵام ناكرێت، چونكە دەستی بەرپرسانی تێدایە، ناوێرن دەستوەردان بكەن”.
دوابەدوای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەش (غالب محەمەد) تایبەت بۆ (پێگەی ئەلكترۆنی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)وتی: بابەتی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغداد بابەتێكی قورسە بەڵام ئێمە هەر هەوڵمانداوە بەشێك لەو نەوتە بگاتە هاووڵاتیان، بۆ كۆتاییهێنان بەم دیاردەیەش، یەكەم دەبێت حكومەتی عێراق خۆی چاودێری ئەم پرۆسەیە بكات‌و ئێمەش خۆمان چاودێری دەكەین و ئێمە داوادەكەین حكومەتی عێراق خۆی نەوت دابەش بكات‌و چاودێریشی بكات)
لەوەڵامی ئەوەشدا چ گرەنتییەك هەیە كە هاووڵاتیان لەم زستانەدا سوود مەند بن لە نەوتی سپی؟ (غالب محەمەد) وتی: ناتوانین هیچ گرەنتییەك بدەین لەو بارەیەوە چونكە ئەوە پەیوەندی بە حكومەتی عێراق و بەشێكیشی پەیوەندی حكومەتی هەرێمەوە هەیە وەك رادەستكردنی (250.000) دووسەدو پەنجا هەزار بەرمیلی نەوت بە بەغداد، ئەگەر هەرێم ئەو بڕە رادەستبكات زۆر شت بۆ هاووڵاتیان دەكرێت.

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft