دەقی راگەیێندراوی لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە
جەماوەری بە شەرەفی کوردستان
کەوکاری سەربەرزی شەهیدان
هاووڵاتیانی خۆشەویستی پارێزگای هەڵەبجە
ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە موژدەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجەتان پێ رادەگەیێنین، لەسەر پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، ئەو ئەنجوومەنەی ماوەیەکی زۆرە هاووڵاتیانی پارێزگاکەمان چاوەڕوانی پێکهێنانی دەکەن.
بەڕێزان...
ئاشکرایە کە هەر حیزب و لایەنێک پلان و میکانیزمی تایبەت بەخۆی هەیەو لەم نێوەندەشدا جیاوازی لەنێوان حیزب و لایەنەکاندا دروست دەبێت، بەڵام خۆشبەختانە ئەمجارە ئێمە لایەنە سیاسییەکان توانیمان ناکۆکی جیاوازییە سیاسییەکانمان وەلا بنێین و پێکەوە رێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەین، بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندابێت.
بەڕێزان...
کۆبوونەوەکانی ئەمجارەیان جیاوازبوو لە کۆبوونەوەکانی دیکە، بەوەی ئەمجارە رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی، وەک رێکخراوێکی کارای کۆمەڵگای مەدەنی دەستپێشخەری کردوو بوونە نێوەندگیری نێوان حیزبە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە. بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەکەشیان ئەم ئەنجامە دڵخۆشکەرەی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی خۆمان ئاراستەی رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان بکەین، کە بێلایەنانە رۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە نزیککردنەوەی ئێمە لە خاڵە هاوبەشەکانمان تێپەراندنی خاڵە جیاوازەکانمان.
جێی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان بکەین، کە رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو لەم رێککەوتنەدا، لە کۆتاییشدا داواکارین لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەڕێز، بڕیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە بدات، بە جۆرێک کە ئەنجوومەنەکە لە 16-3ی ئەمساڵ بە فەرمی بکرێتەوە.
هەروەها داواکارین لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە لەکاتی دەستبەکاربوونیاندا دڵسۆزانە کارەکانیان راپەڕێنن بەجۆرێک کە لە ئاست متمانەی هاووڵاتیاندابن. دووبارە پیرۆزبێت ئەو رێککەوتنە مێژووییە، هیواداریشین نموونەی ئەم جۆرە رێککەوتنانە سەرجەم هەرێمی کوردستان بگرێتەوەو لایەنە سیاسییەکان لە پێناو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا جیاوازییەکانیان وەلا بنێن.
لایەنە سیاسییەکان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بزووتنەوەی گۆران
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان
حیزبی شیوعی کوردستان
12-3-2017
بارەگای مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان



SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft