پاش ئەوەی ئه‌مڕۆ (11/2/2020) له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، ‏به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكی هه‌رێم و به‌ ئاماده‌بوونی جێگرانی سه‌رۆك، كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش لەنێوان ‏لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و بەشێک لە فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ‏ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سازدرا‎. 
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا دۆخی عیراق و هه‌نگاوه‌كانی ‏یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێم بۆ ‏چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسیی عیراق و كوردستان، هه‌روه‌ها گفتوگۆ ‏ده‌رباره‌ی هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان، تاوتوێكران‎. 
لەوبارەیەوە (د. بەهار مەمحمود) نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و ‏بەشداربووی كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكەی رایگەیاند: بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی ‏نوێی عێراق، كاندیدكردنی وه‌زیره‌كان ده‌بێت كۆده‌نگی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی له‌سه‌ر بێت.‏
هەروەها ناوبراو راشیگەیاند كە: وه‌ك فراكسیۆنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی (یه‌كێتی و پارتی) ره‌خنه‌ و گله‌یی ‏خۆیان گه‌یانده‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وان ته‌نها له‌ ئه‌ركدا هاوبه‌شن، به‌ڵام له‌ ‏پێدانی مافه‌كاندا به‌شدارنین و لەبەرامبەریشدا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پشتیوانی ره‌خنه‌كانیانی كرد و ‏ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌ خاڵی سه‌ره‌تا بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ و له‌كاتی پابه‌ندنه‌بونی یه‌كێتی ‏و پارتیش، ده‌توانن له‌ هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه‌ بكشێنه‌وه‌‌‏‎.. 
هەروەها (به‌هار مه‌حمود) وتی:"هه‌نگاو نراوه‌ بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه‌ ‏كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هه‌نگاوه‌كان كرده‌یی نین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ‏سه‌ر‌ۆكایه‌تی هه‌رێم ره‌شنوسێكیان ئاماده‌ كردوه‌ بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان، به‌ڵام ‏فراكسیۆنه‌كان داوامان كرد له‌ ناوخۆماندا كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌‏‎". 
دوای گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه‌ و تێبینیی فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ‏فیدراڵییه‌كان له‌ به‌غدا و باسكردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان له‌ عیراق، ‏هه‌مووان كۆك بوون، كه‌ پێویسته‌ به‌ یه‌كهه‌ڵوێستی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی پرسه‌كاندا بكرێت و ‏هه‌نگاوی كرده‌یی بنرێت بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی و په‌یڕه‌وێكی گشتگیری بۆ ئاماده‌ بكرێت، كه‌ ‏مایه‌ی په‌سندی هه‌موو فراكسیۆنه‌كان بێت‎.‎

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft