سەبارەت بەم بابەتە (د. رێبوار كەریم) نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدواداچوونی بۆ بابەتەكە كردووەو دەركەوتووە كە ئەو ئامارە (درۆینەیە)...
ناوبراو بۆئەم مەبەستە روونكردنەوەیەك بۆ رایگشتی بڵاوكردەوەو تیایدا هاتووە: " بۆ سەلماندنی راست و دروستی ئەو ئامارە پەیوەندیم کرد بە بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق و ئەوانیش بەرچاورونی تەواویان پێدام و دواتریش بەیاننامەیەکیان لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە. هەرچەندە خۆشبەختانە لەبەیاننامەکەیاندا هێشتا رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان نزمە، بەڵام بەداخەوە ئەوە دەرخەری هەژاری راستەقینە نیە."
ئەمەی خوارەوەش دەقی رونكردنەوەكەیە:
سەبارەت بە ئامارە درۆینەکەی هەژاری...
لەدوێنێوە ئامارێک بەناوی وەزارتی پلاندانانی عیراق و دەزگای ناوەندی بۆ ئامار بڵاوبۆتەوە. هەر زوو زۆر کەسایەتی، میدیا، کاربەدەستی خستە هەڵەوە.
بۆ سەلماندنی راست و دروستی ئەو ئامارە پەیوەندیم کرد بە بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق و ئەوانیش بەرچاورونی تەواویان پێدام و دواتریش بەیاننامەیەکیان لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە. هەرچەندە خۆشبەختانە لەبەیاننامەکەیاندا هێشتا رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان نزمە، بەڵام بەداخەوە ئەوە دەرخەری هەژاری راستەقینە نیە. چونکە:
بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی (۲٠۱۸) راگەیەنراوە، هێڵی هەژاری لەعیراقدا بە (۳.۲دولار) واتە نزیکەی (٤) هەزار دیناری عیراقی رۆژانە دیاریکراوە. واتە ئەگەر تۆ رۆژانە (٤) هەزار دینار کەمترت دەستبکەوێ، ئەوا تۆ هەژاریت کە لەمانگێکدا دەکاتە (۱۲٠) هەزار دینار.
ئەم ئامارەی عیراقیش پشتی پێبەستوە هەر ئەو رێژەیەیە.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە:
(۱۲٠) هەزار بەشی چی ئەکات بۆ خێزانێکی عیراق و کوردستان؟!
کرێ خانو؟ کارەبا؟ هاتوچۆ؟ خواردن؟ ئاو؟ نەوت؟ غاز؟ جل و بەرگ؟....هتد
بێگومان بە تەنها (۱۲٠) هەزار لەکوردستان و عیراق بەشی ئەوانە ناکات.
هەربۆیە بەداخەوە ئەو ئامارە دەربڕی رێژەی راستەقینەی هەژاری نیە. نە لە عیراق نە لە کوردستان.
د.رێبوار کریم محمود
پەرلەمانتاری عیراق