هاوسەر هۆشیار محمد
2018-01-11      450 جار بینراوە        کۆمێنت

                                                                                                                    هاوسەر هۆشیار
                                                                                                                  ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

پاش دەركردنی بڕیاری (126)ی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (5/12/2017) تایەبەت بە زیادكردنی (باج‌و رسومات) لەهەرێمی كوردستانداو، كە ئاڕاستەی (وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار)كراوە، بەمەبەستی جێبەجێكردنی، بێگومان یەكێك لە مەترسیەكانی ئەم بڕیارە ئەوەیە ڕۆژ بەڕۆژ(حكومەتی هەرێمی كوردستان) لەبری دەركردنی یاسا بڕیار دەردەكات ئەمەش تەواو پێچەوانەی یاسایەو شتێكی نایاسایی‌و نا ئاساییە بێگومان ئەم بڕیارانە لە ئێستادا هاوشێوەی بڕیارەكانی تری حكومەتی هەرێمە كەبوونەتە هۆكاری سەرەكی خراپبوونی دۆخی هاووڵاتیان لەرووی ئابوری‌و هەروەها سەرهەڵدانی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی بۆ خێزان و تاكەكانی كۆمەڵگەو ئەمانەش بوونەتە  بارگرانیەكی گەورە بەسەرشانی هاووڵاتیانەوە چونكە لەدۆخێكی خراپی ئابوریدا و نەبوونی مووچە و سستی جوڵەی ئابووری ئەركی سەرشانی هاووڵاتی قورستر دەكات.
زیاد كردنی داهات لەم دۆخەدا بە هیچ شێوەیەك بۆ خزمەتی هاووڵاتی بەكارنایەت چونكە ئەوەندەی ئەركەو بارگرانیە بە هیچ شێوەیەك لە خزمەت هاووڵاتیدا نەبووەو ئەتوانین بڵێن ڕێك پێچەوانەكەی ڕاستە.
من پێموایە بۆ ئەوەی كۆدەنگییەكی گشتی لەلایەن هاووڵاتیانەوە دروستبكرێت، پێویستە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندن و نوێنەرانی خەڵك لە ناو پارتەسیاسیەكان و فراكسیۆنەكانی ناو (پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان) بێسڵەمینەوە لە حیزبەكانیان پشتیوانی هاووڵاتیان بكەن‌و دژی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەی حكومەت بوەستنەوە و داوا لە هاووڵاتیان  بكەن بە هیچ شێوەیەك پابەندنەبن بەو بڕیارەوە، چونكە بڕیارەكەی حكومەت پشتبەستوو نییە بەهیچ دەقێكی یاسایی و تەوا پێچەوانەی یاسایە، بێگومان پرۆسەی زیاد كردنی باج و ڕسومات پێویستی بەدەركردنی یاسایە نەك بە دەرچواندنی بڕیار.
بەداخەوە لەم نێوەندەدا ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتەكانیان دیاریكراەو ناتوانن لە ڕووی یاساییەوە ڕێگری لەم بڕیارە بكەن و دژی بڕیارەكانی حكومەت بوەستنەوە، بێگومان ئەمەش پەیوەندی بە كەموكوڕی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009)ی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە هەیە كە پێویستە هەموار بكرێتەوە .بەڵام هەر ئەندام ئەنجومەنێك دەتوانێت و ئازادە خۆی پشتیوانی فشاری مەدەنی بێت و وەك هاوڵاتیەك دژی ئەم بڕیارە بوەستێتەوە و هاووڵاتیان  لەوە ئاگادار بكاتەوە كەم بڕیارە نا یاساییەو بەهیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیاندانییە بۆیە پێویستە جێبەجێ نەكرێت.
من بەش بەحاڵی  خۆم وەك ئەندامی ئەنجومەن و وەك هاووڵاتیەك دژی ئەم بڕیارەم و داوای یاسایی لە (دادگای كارگێڕی) سلێمانی لەسەر وەزارەتی شارەوانی تۆمار دەكەم و هیواداریشم هاوڕێكانمان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پشتیوانی هاووڵاتیان بن و دژی ئەم بڕیارە نایاساییە بوەستنەوە.
بەم بڕیارە حكومەت پێیوایە داهات زیاد ئەكات بۆیە هاتووە لەسەر شانی هاووڵاتیەكی كەم دەرامەت و بێ موچە، باج و ڕسوماتێكی زۆری خستۆتە سەر شانی بۆ چارەسەركردنی هەڵەكانی حكومەت وشاردنەوەی كەموكوڕیەكان و بێ پلانی حكومەت، لەهەمانكاتیشدا حكومەت كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستانی بەخشیون لە باج و ڕسومات، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری زۆر خراپی ئەبێ لەم هەلومەرجەی ئێستای هاووڵاتیاندا  چونكە وەك ئاشكرایە داهاتی تاكەكەس چەند نزمە وجوڵی ئابوری لەهەرێمی كوردستاندا نزیكە لە سفرو مامۆستایان‌و فەرمانبەران بێ مووچەن‌و هەروەها كاسبكار بێئیش وبازرگان بێ سەرمایایە و مایەپووچبوونی زۆربەی كۆمپانیاكانیش لەلایەكی دیكەوەو لە دۆخێكی ئاوادا دەركردنی بڕیارێكی لەوشێوەیەش بێگومان لەئەگەری جێبەجێكرنیدا لێكەوتەی خراپی ئەبێت و كاریگەری خراپ بە دوای خۆی دەهێنێت ئەمەش حكومەت لێی بەرپرسیارەو لەئەگەری روودانی هەر كارێك وەك پەرچەكرداری هاووڵاتی بۆ حكومەت.
بۆیە من لێرەدا پێشنیار دەكەم لەبەر ئەوەی لەمڕۆدا باری ئابوری هاوڵاتیان زۆرخراپەو حكومەتی هەرێمیش  بە قۆناغێكی دارایی‌و ئابوری زۆر خراپدا تێدەپەڕێت بەهۆی ئەو هەڵانەی كەلە رابردوودا ئەنجامیداون‌و ئێستا وردە وردە كاریگەریە خراپەكانی دەردەكەون، بۆیە نابێت راستكردنەوەیە ئەم دۆخە بەتەنها بخرێتە سەرشانی هاووڵاتیان، باشترە حكومەتی هەرێمی كوردستان بیر لەرێگە چارەی تربكاتەوە، راوێژ بە پسپۆڕانی بواری ئابوری بكات، پێویستە لەم دۆخەدا زیاتر بڕیارەكانی بۆ كەمكردنەوەی ناڕەزاییەكانی هاووڵاتیان بێت، نەك رۆژ بەرۆژ بەم جۆرە بڕیارانە بازنەی ناڕەزایەتییەكان فراوانتر بكات ، بێگومان ئەو كاتەش جگەلە رۆشتنی حكومەت هیچ ئەلتەرناتیڤێك بەگونجاو نازانرێت. 

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft