رزگار حەمە نوری میرزا
2018-07-21      2132 جار بینراوە        کۆمێنت
پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی قەزاو ناحیەکان هاوشانی ئەنجومەنی پارێزگاکان

                                                           ڕزگار حەمەنوری/ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی                                                        

وەک ئاشکرایە تاکو ئێستا لەهەرێمی کوردستان یەكەمجار لەو ناوچەیەی کەبەزۆنی سەوز ناسراوە لە ساڵی (2000)دا هەڵبژاردنێکی ئەنجومەنی شارەوانیەکان ئەنجامدراوەو بەگشتی لە هەرێمیش تاکو ئەمڕۆ دوو خولی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدراوە .
 سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە (122) ی لە ڕۆژی (27/11/2017)دا دەرکرد کە تایبەتە بە پەیڕەوی ژمارە (5) ی ساڵی (2017) بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان . دواتریش ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بە ژمارە (44) لە ڕۆژی (20/2/2018) دا لەسەر ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیکردو بە بڕیاری ژمارە (5) ی ڕۆژی (20/2/2018) بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتیدا بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانیەکان . ئەوەی کە لەبڕیارەکەی سەرۆکایەتی حکومەتدا هاتووە باس لە پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانیەکان دەکات، ڕەنگە بڕیاری پێکهێنان بۆ ئەوە بێت کە بتوانرێ بخرێنە ژێر دەسەڵاتی چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاکەوە بەڵام دەکرێ ماددەیەکی یاسایی لەلایەن پەرلەمانەوە  دەربچوێنرێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەکانی ناحیەو قەزاکان و دواتریش بە ماددەیەکی یاسایی ئەم ئەنجومەنانە بخرێنە ژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگای ئەو پارێزگایەوە چونکە ئاشکرایە هەر دەزگایەک بەهەڵبژاردن پێکبهێنرێ سەنگ و دەسەڵاتی زیاترە وە خەڵک زیاتر ئەو دەزگایە بە نوێنەری خۆی دەزانێت . بۆیە ڕێگا دیموکراسیەکە ئەوەیە ئەنجومەنی شارەوانیەکان بەهەڵبژاردن پێکبهێنرێن بە تایبەتی لە ئێستادا فرسەتێکی باشە کە چەند ڕۆژێکە ماوەی یاسایی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگاکان تەواو بوەو کاتێکی زۆر شیاوە هاوکات لەگەڵ بڕیاری هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بڕیاری هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شارەوانی قەزاو ناحیەکانیش بدرێ کە بەڕای من دەبێتە پاڵپشتێک و تەواوکەری کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگا چونکە ئەنجومەنی شارەوانی کۆمەڵێ تایبەتمەندی خۆی هەیە :-    ‌                      
 یەکەم/ چەند قەزاو ناحیە بوونی هەبێ لەسنووری جوگرافی پارێزگاکەدا ئەوەندە ئەنجومەنی شارەوانی پێکدێت کەئەمە هۆکارێکە بۆ لەنزیکەوە کارکردن بۆ داخوازیەکانی هاوڵاتیان .           
دووەم/ لەبەرئەوەی ئەم ئەنجومەنانە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ فەرمانگەی شارەوانی دەکەن بۆیە بەڕۆتینێکی کەمتر لە ئەنجومەنی پارێزگاکە کار لەسەر ئیش و کارو کێشەکانی هاوڵاتیان دەکەن.
 سێیەم/ ئەنجومەنی شارەوانیەکان بەحوکمی بچوکی سنووری جوگرافییان، دەتوانن هەماهەنگی و پەیوەندی باشتر بگرن لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت لەسنووری ئەوشارۆچکەیەدا.  ‌   
 بۆیە هەم بۆ زیاتر بەشداریکردنی جەماوەر لەدەسەڵاتداو هەم بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کاروباریان بەڕای من باشترە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەکانی قەزاو ناحیەکانیش ئەنجام بدرێت .

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft