سەركەوت شەمسەدین
2019-03-15      944 جار بینراوە        کۆمێنت

سەركەوت شەمسەدین
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
فراكسیۆنی نەوەی نوێ

بۆ تێگەشتن لەم بابەتە دوو نمونە باسدەکەم

یەکەم: ساڵی رابردوو لە یەکێک لە هۆڵەکانی بینای کۆنگرێسی ئەمریکا یادی هەڵەبجە دەکرایەوە و پەنێڵێک رێکخرابوو بۆ پرۆفیسۆرێکی ئەمریکی و پارێزەرێکی بواری مافی مرۆڤ و تاوانی نێودەوڵةتی و نوێنەری حکومەتی هەرێم.

لای من قسەی پارێزەرەکە زۆر سەرنجراکێش بوو. ئەو وتی کە تەواوی هەوڵەکانی کورد بۆ بەجینۆساید ناساندنی هەڵەبجە و ئەنفال لە ۲٦ ساڵی رابردوو بە هەڵە کاری لەسەر کراوە. بۆ نمونە گەورەترین هەڵە ئەوەبوو کەیسی هەڵەبجە لە دادگاکانی عێراق یەکلای کرایەوە، کە ئەسڵ دەبوو تیربیوناڵێکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (واتە لقێکی دادگاکە) ئەو کەیسەی یەکلابکردایەتەوە و ئەوکات ئەمریکا و ئەوروپا ئیلزام دەبون بە بریاری دادگا، بەڵام بەهۆی نەشارەزای کورد، کەیسی هەڵەبجە بچوککرایەوە و کرا بە بابەتێکی ناوخۆی عێراق.
پاشان وتی کە دوای ئەوەش هێشتا کورد هەر بە هەڵە کار لەسەر پرسی هەڵەبجە و ئەنفال و تەنانەت پرسی شەنگال دەکات و پرسەکەی کردوە بە سیاسی پێش ئەوەی سیفەتێکی یاسایی وەربگرێت. 
پارە و کاتێکی زۆر بەفیرۆدراوە لەوەی کۆنگرێس یان پەرلەمانی وڵاتان پرسی هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێنن، لە کاتێکدا ئەتوانرا پەنا بۆ دادگاکانی ئەو وڵاتانە ببرایە لەسەر بنەمای بریاری دادگاکانی عێراق و بەڵگەکان، بەتایبەت کە ئەمریکا لەوکاتەدا چەکی بە عێراق فرۆشتوە و ئەتوانرا لە دادگاکای ئەمریکا کەیسەکە ببرێتە پێشەوە.

بەڵام حکومەتی هەرێم و جالیەی کوردی تەنیا لە چوارچێوەی کروزانەوە کاری لەسەر کەیسی هەڵەبجە کردوە، نەک وەک پرسێکی گەورە بۆ زیاتر بردنە پێشەوەی دۆزی کورد.

بۆنمونە لەبری شتی دووبارە، دەبێت هەرساڵێک کۆنفرانسێکی گەورە لەسەر هەڵەبجە لە یەکێک لە پایتەختە گەورەکانی دونیا سازبکرێت، کورد خۆی رێکی نەخات چونکە کورد توانای رێکخستنی چالاکی گەروی نییە لە دەرەوە، بەڵکو چەندین ناوەندی گرنگی وەک مۆزەخانەی هۆڵۆکۆست ئەتوانێت دونیات بۆ بێنێتە سەرخەت.
ئەتوانرێت ئەم کۆفرانس بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ هەڵەبجە بۆ ئاوەدانکردنەوەی. تەبعەن ئەمە بە عەقڵی مەزن ئەکرێت، بەم یەکێتی و پارتی ناکرێت کە بیرکردنەوەیان تا گردیگۆ (گوندێکە لە نزیک هەڵەبجە کاتی خۆی دەوری دێگەڵەی دەبینی لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوە) بر ناکات.
دووەم: ئەزمونی جوەکانە لە ئەمریکا و لە ئەوروپا. جوەکان بەوە ناسراون کە شارەزای بازرگانی و دەوڵەمەدن، بەڵام تا بەر لە هۆڵۆکۆست نە دەوڵەتیان هەبوو نە زۆریش لە کایەی سیاسی چالاک بون، ئەوەش هۆکاری زۆرە بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمینەبون نەیاندەویست لەسەر هیچ حیزب و گروپێکی سیاسی حسێب بکرێن، تەنانەت لە فەڵەستینیش نیازی ئەوەیان هەبوە لەرێگەی کرینی زەوی و زارەوە هەیمەنە بکەن بەسەر فەڵەستین دا.
بەڵام هۆڵۆکۆست بەخەبەری هێنانەوە، بەڵام چۆن؟

رۆژێک ژمارەیەک جو ی دانیشتوی ئەمریکا کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی کارێک بکەن بۆ پاراستنی جوەکان لەئەوروپا کە ئەوکات هیتلەر دەستیکردبوو بە قەتڵ و عام. (وەک چۆن ئێستا ئێمە خەمی عەفرین مانە و تورکیا پەلامار دەدات) لەوکاتەدا ئەمریکا خۆی لەشەرەکە بەدور دەگرێت، تەنانەت کاتێک ژمارەیەک کۆچبەری جو لە ئەوروپاوە رودەکەنە ئەمریکا بەڵام ئەمریکا دەرگایان بەرودا دادەخات و دەیانگەرێنێتەوە بۆ ئەوروپا زۆرێکیان لە روداوی هۆڵۆکۆست قردەکرێن.

بەڵام ئەم گروپە جوە کۆدەبنەوە و رودەکەنە واشنتۆن و سەرەتا رودەکەنە کۆنگرێس، بەڵام یەک کۆنگرێسمان یش نابێت کە ئامادەبێت بیانبینێت، پاشان رودەکەنە کۆشکی سپی، بەڵام لەوێش کەس نیە وەڵامیان بداتەوە، پاشان رودەکەنە وەزارەتی دەرەوە بەڵام لەوێش بەدڵشکاوی دەگەرێنەوە.

دواتر دەرۆنە ئەو پارکەی بەرامبەر کۆشی سپی (کە پێی دەوترێت نەیشناڵ مۆڵ) و دەستی یەکتر دەگرن و بۆ بێکەسی خۆیان تێر دەگرین، بەڵام لەوێدا بریارێک دەدەن کە چیتر خۆیان لە کایەی سیاسی بەدورنەگرن، بەڵکو هاوشانی بازرگانی، نەوەکانیان هاندەدەن روو لە واشنتۆنی پایتەخت بکە و دامەزراوەکانی بریار پربکەن لە نەوەکانی خۆیان.

تەبعەن ئێستا کەم ستافی کۆ گرێسمان و سیناتۆر هەیە کە کەسێک یان دوو کەسیان جو نەبن، کەم کۆمپانیای لۆبی هەیە کە خاوەنەکەی یان بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیاکە جو نەبێت، لە میدیاش جوەکان زۆر کاریگەرن، باشرین پارێزەیان هەیە ، زۆرترین کەسیان چالاکن لە کەمپینی هەڵبژارد و دەوڵەمەندی زۆریان هەیە کە ملیۆنان دۆلار دەبەخشن بۆ کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
خاوەنی باشترین پرۆفیسۆرن بەڵام وەک ئەرکێکی سەرشانیان زۆر لەم پرۆفیسۆرانە چەند ساڵێک لە زانکۆی تەلئەبیب لە ئیسرائیل وانە دەڵێنەوە.
ساڵانە کۆنفراسی زەبەلاحی ئەیپاک و سیپاک دەبەستن لە واشتۆن کە سەرۆکەکانی ئەمریکا کێبرکێیانە بۆ ئەوەی قسەی تێدا بکەن.

ئەوان بەم ستراتیژە توانیان لە گروپێکی پەراوێزخرواو بچوکەوە ببنە هێزێکی گەورە کە هەرکەس لە ئەمریکا نکوڵی لە هۆڵۆکۆست بکات ئایندەی سیای ئەسوتێنن، کەمپینێکی وای لەسەر ئەکەن. چەندین مۆنۆمێنت مۆزەخانەیان بەناوی هۆڵۆکۆست لە ئەمریکا کردوەتەوە و کەم قشبن هەیە خۆیان تێنەخزاندبێت .

ئەی هەڵەبجەکەی من چی بۆ کراوە؟؟!!
ئەزانن چ گروپێکی کڵۆڵ و بێ ئاگا حوکمی کوردستانی کردوە؟
SHARE
وتاری زیاتر
دوای شۆرش چی؟
سەركەوت شەمسەدین
2019-04-11      963 جار بینراوە
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft