رزگار حەمە نوری میرزا
2020-03-22      1123 جار بینراوە        کۆمێنت
ڕزگار حەمەنوری
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ‏

هاوڵاتی بەڕێزو خۆشەویست ئەگەر لەچەند هەفتەی ڕابردوودا باوەڕت بە مەترسیەکانی ئەم ‏بەڵا کوشندەیە نەکردوە کە ناوی (کۆرۆنا) یە ئەوە پێویستە چیتر بەئاسایی وەرینەگریت ئێستا ‏هەموومان لەماڵەکانمان لەڕێی تیڤیەکانەوە ئاگاداری خێرا بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسەو ‏مەترسیە گەورەکانین، بۆیە تکایە بابیرێ بکەینەوە ئێمە میللەتێکین کیمیایی و ئەنفال و ‏سێدارەو ئاوارەیی و دەربەدەری و کوشتن و بڕینی زۆرمان بەسەرهات زۆر میللەت و ‏وڵات لەدنیادا هەن کە هیچ جۆرێك لەو نەهامەتیانەیان بەسەر نەهاتوە کەبەسەر ئێمەدا هاتوە ‏بەڵام ئێستا زەلیل و دەستەودامانن بەدەست ئەم ڤایرۆسەوە، دە ئەمجارە کە ئەوان گیرۆدەو ‏زەلیلن با ئێمە گیرۆدەو زەلیل نەبین و بە کەمترین زیان لەم بارە ناهەموارە دەرچین ، دەبا ‏بە ئەقڵ و وریایی و هۆشیاریەوە  لەگەڵ ئەم نەخۆشیە دا مامەڵە بکەین.....
 با واز لە کەلەڕەقی و ‏کەمتەرخەمی بهێنین......
باواز لەسۆزو عاتیفە بهێنین مەڵێ وەڵا خوای گەورە چی نووسیبێت ‏دەبێ ڕووبدا خوای گەورە بۆیە ئەقڵ و دەست و چاو و زانست و ئەم هەمووشتەی پێداوین ‏بۆئەوەی بەکاری بهێنین، جا ئەگەربەو بۆچوونە هەڵەیە بێت، ئەگەر لەشەقامێکدا ئۆتۆمبێلێك ‏بەرەو ڕووت هات، خۆت لامەدە بالێت بدا نەکا خوای گەورە بۆی نووسیبیت ، تکایە با واز ‏لە سەیران و چوونە ناو قەرەباڵغی بهێنین ، با ڕێنماییە تەندروستیەکان جیبەجێ بکەین...
 با ‏لەماڵەکانمان بمێنینەوە.....
  تکایە ئەگەر بەزەییت بەخۆتا نایەتەوە بەزەییت بە جگەرگۆشەکانتا ‏بێتەوە ئەگەر منداڵت نیە بەزەییت بەدایک و باوکتا بێتەوە ئەگەر دایک و باوکت نیە ‏بەزەییت بەخوشک و براکانتا بێتەوە ئەگەر کەست نیەو بێکەسی بەزەییت بەهاوشاری و ‏هاونیشتمانیەکانتا بێتەوە ئەگەر هەست و ئینتیمای نەتەوەییشت لاوازە بەزەییت بە ئیماننتا ‏ببێتەوەو لەبەر خوا کارێ مەکە خۆت و خەڵکیش تووشی کارەسات و ماڵوێرانی بکەیت ، ‏تکایە تاکو بارودۆخەکە بەتەواوی لەدەست دەرنەچوە با بەئەقڵ و هۆشیارییەوە مامەڵە بکەین ‏پێشتریش لەنووسینێکا لە (15/3/2020)دا ئاماژەم بەوەدا کە نەتوانای ئیداری نەتوانای ‏تەندروستی ئەم هەرێمە لەئاستی ئەو وڵاتە گەورانەی جیهان نیە کە ئێستا بارزدۆخەكەیان ‏لەدەست دەرچوە ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە خوانەکردە ئەگەر لەهەرێم بڵاوبونەوەی ئەم ‏ڤایرۆسە بگاتە دوو سەد کەسێک ئەوە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوەو زۆر زەحمەتیشە ‏کۆنترۆڵ بکرێت....‏
‏ بۆیە تکا دەکەم پێش ئەوەی جارێکی تر تووشی کارەساتی مرۆیی گەورە ببین ‏باهەریەکەمان بەرپرسیارانەو هۆشیارانە مامەڵە بکەین وبەهەموو توانامانەوە ڕێگر بین لە ‏بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە..... ‏
بەهیوای یەکڕیزی هەموولایەک و زاڵبوون بەسەر ئەم پەتا مەترسیدارەدا.‏

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft