غالب محەمەد عەلی
2017-05-10      1619 جار بینراوە        کۆمێنت
نهێنییەكانی دیارنەمانی داهاتی سلێمانی 
                                                                                                              د. غالب محمد عەلی
                                                                                                    سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزە /
                                                                                                        ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

داهاتی مانگانەی سلێمانی بەشی چارەسەركردنی كێشەكانی دەكات

داهاتی سلێمانی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو بەراورد بە پێشتر زۆر زیادیكردووە و ئێستا داهاتی مانگانەی لە نێوان 75 بۆ 90 ملیار دینارە.
پارەی ژینگە و رێگاوبان و هاتووچۆ لە خەڵك وەردەگرێت، بەڵام هیچی لە رێگاوبانەكان خەرج ناكرێتەوە، تەنانەت تانكەرە نەوتەكان بڕەپارەیەكیان بۆ رێگاكان لێوەردەگیرێت، ئەوەش خەرجناكرێتەوە لە رێگاكاندا، سلێمانی دوو جار غەدری لێ دەكرێت، جارێك لە لایەن بەغداد و جارێكی دیكە لەلایەن هەولێرەوە، بۆیە سلێمانی مافی داواكردنی بوون بە هەرێمی هەیە، چۆن هەولێر داوای سەربەخۆیی دەكات بەهۆی ئەوەی بەغداد غەدری لێ دەكات.
بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵی ئاشكراكردنی داهاتەكانی داوە ، تاكو بۆ خەڵك خەرج بكرێ، بەڵام یەكێتی هەموو شتێكی كۆنترۆڵ و قۆرغكردووە و پارەكە ئاشكرا ناكات.

لە 56 پەمپ‌و ماتۆڕی ئاو تەنها 26یان كار دەكەن و كار وا بڕوات هاوینی داهاتوو سلێمانی ئاوی نامێنێت بیداتە هاووڵاتیان.
داهاتی سلێمانی، ساڵی ڕابردوو لە نێوان 50 بۆ 60 ملیار دینار بوو، بۆ یەك مانگ، بەڵام ئەمساڵ بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیەكان و دوو مەرزەكەی سنوری سلێمانی كە ڕۆژانە داهاتیان هەیە، داهات زیادی كردووە بە جۆرێك تەنها مەرزی پەروێزخان و باشماخ ئەمساڵ لە چاو ساڵی ڕابردوو داهاتیان لە %20 زیادی كردووە، وەزارەتی شارەوانیش دەڵێت، ئەمساڵ داهاتیان دوو هێندە زیادی كردووە.
داهاتی هەردوو مەرزی پەروێزخان و باشماخ تەنها ساڵی ڕابردوو 300 ملیار دینار بوو، ئەمساڵ بەپێی زیادبوونی داهاتەكە، بۆ 360 ملیار دینار بەرزبوەتەوە، واتە مانگانە 35 ملیار دینار دەكات، لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوتر داهاتیان تەنها 60 ملیار دینار بووە لە تەواوی ساڵەكە، بەڵام ئەمساڵ تەنها یەك مانگ داهاتیان 35 ملیار دینارە.
ئەمساڵ داهاتی هاتوچۆ دوو هێندە زیادی كردووە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، چونكە پارەی مامەڵەكان زیادیان كردووە، مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك لە 20 هەزار دینارەوە بۆ 100 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، ڕسوماتی تاپۆ بۆ دوو هێندە و سێ هێندە زیادی كردووە، باجەكانیش بە هەمان شێوە زیادی كردووە، داهاتی تەندروستیش زیادی كردووە، ئەو داهاتانەی كە بەڕێژە زیاد دەكەن، دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات،
تا ئێستا نازانرێت داهاتی سلێمانی چۆن و لە چیدا خەرج دەكرێت، چەندجارێكیش واژۆم كۆكردوەتەوە بۆ ئەوەی لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی سەردانی ئەو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیانە بكرێت كە داهاتیان هەیە بۆ ئەوەی بڕی داهاتیان بزانرێت.
ئەو لیژنەیەی كە دروستكرا، لیژنەیەكی پەیوەندیدار نەبوو، چونكە بەدڵی خۆیان بوو، بۆ ئەوەی نەتوانن ئیدارەی دۆخەكە بكەن، كاتێك لیژنەی پەیوەندیدار دروستدەكرێت، كە ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی، ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابوری، ئەندامێكی لیژنەی یاسایی، لەگەڵ ئەندامێكی لیژنەی پلاندانانی تێدابێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت داهاتی سلێمانی دیاری بكرێت.
داهاتی سلێمانی ئەگەر بۆ هەموو كەسێك خەرج بكرێت، بۆ خەڵكی سلێمانی خەرج ناكرێت، چەندین ساڵە یەكێتی و پارتی لەسەر داهات و سەروەت و سامانی میللەت دەژین، بە هیچ شێوەیەك هەوڵنادەن داهاتی ناوخۆی ئاشكرا بكەن، پارتی لەوێ داهاتی پارێزگا دەخوات، یەكێتیش لە سلێمانی،
خاڵێكی ڕێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان باس لە دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان دەكات، پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی، هەر لەوێ داواكراوە داهاتی سلێمانی ئاشكرا بكرێت، بەڵام یەكێتی هەر خەریكی یاریكردنی خۆیەتی، نایەوێت داهاتی سلێمانی بۆ هاوڵاتیان ئاشكرا بكات، ئەو لیژنەیەش داواكرا بەدواداچون بۆ داهاتی سلێمانی بكات، زۆربەی گۆڕان بوو، كەواتە گۆڕان داوای ئاشكراكردنی داهاتی سلێمانی دەكات.
گۆڕان پێی باشە داهاتی سلێمانی، بۆ هاوڵاتیانی سنورەكە خەرج بكرێت، هەروەها بۆ هاتوچۆ و ڕێگاوبان و سەوزایی و ژینگە خەرج بكرێت، بۆ خزمەتگوزاریەكانی ئاو و كارەبا، گەڕەك هەیە لە سلێمانی شەش مانگە ئاوی بۆ نەچووە، ئەمە گەورەترین زوڵمە، هۆكارەكەشی یەكەم، ئەو پارەی كە خەرج دەكرێت بۆیان، هێندە ڕۆتیناتی پێدەكەن، ناتوانن پارەكە خەرج بكەن، دووەم، كۆمپانیای  نۆكان كاری چاككردنەوەی دەكات و نایداتە كۆمپانیای بە تەندەرین، یەكێتی قۆڕغی سەرتاپای پارێزگای سلێمانی كردووە، یەكێتی و پارتی دەستیان بەهەموو سێكتەرەكان گرتووە، لە غاز و نەوتی خاو و پاڵاوگە و هێنانی دەرمان و جگەرە و ئاڵتون و بیناكان، وەبەرهێنانی دەستی ئەوانی تێدابووە.
پارەیەی كە بۆ بەڵێندەرانی سلێمانی بڕی 4 ملیار دینارە، دابەشی بكە بەسەر هەمویاندا، یەكی 49 هەزار دیناریان بەردەكەوێت، پارەی تەنێك چیمەنتۆ ناكات، بڕیاربوو مانگانە ئەو پارەیە بدرێت، بەڵام تا ئێستا یەكجار دراوە، ئەو پارەیەش بەشی هیچ ناكات، وڵاتیش بەو شێوەیە بەڕێوە ناچێت. 
بەپێی دەستوری عێراق، ماددەی 119، یەك لەسەر سێی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی داوای بەهەرێم بوونی پارێزگای سلێمانی بكەن، كاتێك كە غەدەر لە سلێمانی دەكرێت تەنها چارسەر بەهەرێم بوونی شارەكەیە، ئەی بۆچی هەولێر دەڵێ بەغداد غەدرم لێ دەكات و منیش جیادەبمەوە، ئەی بۆ سلێمانی نەیكات، كەواتە سلێمانی دووجار زەرەری كردووە، جارێك پارەی بەغداد نەماوە، جارێكیش ئەو پارەیەی دێتە هەرێم هەولێر دەستی بەسەردا گرتووە. یەكێتی سلێمانی تەفرو تونا كرد، نە لەگەڵمان چاكی دەكات، نە خۆشی چاكی دەكات، لە حكومەتیش پشتگیری ناكات.
لێرەشەوە رەخنەی توند ئاراِستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەم، بەوەی كە لە بارودۆخێكی واهەستیارو گرنگدا رۆڵی خۆی نابینێت، لە مەهامی سەرەكی ئەنجومەن خۆی بەدوور گرتووە، پێیویستە لەوەها كاتێكدا ئەنجومەن بێتەوە ناو ئەو دەنگدەرانەی كە بناغەدانەری ئەنجومەنی پارێزگان، ناكرێت ئێمە بەدەنگی هاووڵاتی شەرەفی ئەندامێتی ئەنجومەنمان پێبەخشرابێت، بەڵام لە دۆخێكی ئاوادا ئەنجومەن خۆی لە هاووڵاتی بەدوور بگرێت، تەنانەت نەتوانێت وەڵامی سادەترین پرسیاری هاووڵاتیان بداتەوە، كە ئەویش بریتییە لە (داهاتی سلێمانی چەندە؟  ئەم داهاتە بۆ كوێ دەڕوات؟)، لەبەر ئەوە من داواكارم لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە زووترین كات  تەواوی هەوڵەكانی خۆی بخاتە گەڕ لەپێناو گەڕاندنەوەی متمانەی خۆی بەهاووڵاتیان و سووككردنی بەشێك لە ناڕەحەتییەكانی سەر شانی هاووڵاتیان، پێویستە ئەنجومەن لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوونی داهاتی پارێزگای سلێمانی‌و ئەنجامی هەوڵەكانی ئەو لیژنەیە بۆ رای گشتی رابگەیەنێت. ناكرێت ئەنجومەن هەوا دەسەتەوەسان بێت لە ئاست ئەم هەموو كێشانەدا.

SHARE
وتاری زیاتر
دەبێت هەرێم چۆڵ بكات ؟
غالب محەمەد عەلی
2020-06-28      1005 جار بینراوە
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft