نوێنەرێكی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەماوەی خۆپارێزی لە ‏ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرجەم ئەو هاوكاریانەی دەخاتەڕوو كە پێشكەش بە هاووڵاتیانی ‏كردووە....‏
‏(د. رێبوار كەریم) نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیستی ‏ئەو هاوكاریانە دەخاتەڕوو كە لەماوەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا پێكەشی ‏هاووڵاتیانی كردووە....‏
نوێنەرەكەی پارێزگای سلێمانی هۆكاری بڵاوكردنەوەی لیستی هاوكاریەكان دەگێڕێتەوە بۆ ‏هاندانی خەڵكانی دی بۆ كاری خێرخوازی.‏
‏ (د. رێبوار كەریم) ئاماژە بەوەدەكات لەڕێگەی دابینكردنی مووچەی چەند مانگێكی خۆی ‏كۆی ئەم پێداویستیانەی دابینكردووە، لەم نێوەندەشدا سەرجەم (263) خێزان سوود مەند بوون ‏لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (94) خێزان لە سەنتەری شار‌و (‏‎169 ‎‏ )خێزانیش لە  ‏دەرەوەی شارسوود مەند بوون.
هاوكاریەكانیش پێكهاتوون لە پاكێجی خواردن‌و پێداویستی پزیشكی ‌و خۆپارێزی  لە ‏ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و هەروەها كاركردن بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیە كوردانەی كە لەدەروەی ‏وڵات گیریان خواردبوو نەیان دەتوانی بگەڕێنەوە هەرێم....‏
ئەمەی خوارەوەش دەقی روونكردنەوەی كەی (د. رێبوار كەریم) نوێنەری پارێزگای ‏سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

سڵاو بەرێزان
سەرەتا ئەمەوێ بڵێم کە مەبەستم لەم نووسینە بریتیە لە‎:‎
‎ 1. ‎هاندانی خەڵكی دیكە کە لە توانایاندایە زۆر بەباشی هاوکاری پێشکەش بكەن‎.‎
‎ 2. ‎زانیاری خستنە بەردەست هاوڵاتیانی خۆشەویست تا بە داتا پێیان بڵێین كە، وەک ‏نوێنەرێکی خۆیان، ئەوەی لە توانامدا هەیە بەزیادەوە دەیخەینە خزمەتیان، چونكە خەڵكی ئێمە ‏شایانی هەموو جۆرە خزمەتێكە‎.‎
لەم روانگەیەوە، سوپاس بۆ خودا، توانیومە لەماوەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەم ‏هاوکارییانە پێشکەش بکەم‎:‎
‎1. ‎پەیوەندیکردنی بەردەوام لەگەل وەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، ‏بەمەبەستی دابینکردنی فرۆکەی تایبەت بۆ هێنانەوەی ئەو هاوڵاتییانەی لە وڵاتانی دەرەوە ‏گیریان خواردوە، بەتایبەت خوێندکاران. خۆشبەختانە لە وڵاتانی (مصر، تورکیا، ئەڵمانیا، ‏مالیزیا، ئەرمینیا) دەستی پێکردوە،
‎2. ‎دابینکردنی پاکێجی خواردن بۆ ۹٤ ماڵ لەناو شاری سلێمانی،
‎3. ‎دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و پاداشتکردنی خۆبەخشانی نەخۆشخانەی پێنجوێن بە ‏ئاگاداری قایمقامیەت،
‎4. ‎دابینکردنی پاکێجی خواردن بۆ ٦٠ ماڵ لە سیدسادق بەئاگاداری قایمقامیەت،
‎5. ‎دابینکردنی پاکێجی خواردن بۆ ۳٠ ماڵ لە قەڵادزێ،
‎6. ‎دابینکردنی پاکێجی خواردن بۆ ۲٥ ماڵی دەڤەری بتوێن،
‎7. ‎دابیکردنی پێداویستی خواردن بۆ ۲٦ ماڵ لە چەمچەماڵ و تەکیە و بازیان،
‎8. ‎دابینکردنی پاکێجی خواردن بۆ ۱٠ ماڵ لە کەلار،
‎9. ‎دابینکردنی پێداویستی خواردن بۆ ۱۲ ماڵ لە هەڵەبجە،
‎10. ‎دابینکردنی پێداویستی دەرمان بۆ ٦ ماڵ لە دەربەندیخان،
‎11. ‎هاوکاریکردنی کرێی خانوی چەند هاوڵاتیەک لەشاری سلێمانی بەتایبەتی کەمئەندامان،
‎12. ‎دابینکردنی ماسک و دەستکێش بۆ دەیان خێزان‎.‎
ئەمانەو هەندێ هاوکاری بچوکیتر‎.‎
ئەمانەی کردومە موچەی چەند مانگێکمە و، وەك ئازایەتی باسیان ناكەم، بەڵكو ئەرکی ‏سەرشانمەو، ئەگەر بمتوانیایە زۆر زیاتریشم پێشكەش دەكرد. زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو ‏بەڕێزانەی هاوکارییان کردم لەگەیاندنی هاوکارییەکان‎.‎
لە كۆتاییدا جەخت ئەکەمەوە لەوەی کە نوسینی ئەم بابەتانە تەنها بۆ هاندان و زانیاری زیاتری ‏هاوڵاتیانی خۆشەویستە‎.‎
لەگەڵ رێزو خۆشەویستیم
د.رێبوار کریم محمود
پەرلەمانتاری عێراق

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft