پاش ئەوەی ئەمڕۆ (4/5/2020)  (د. میران محەمەد ) دەستلەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند لە ئەندامێتی (ئەنجومەنی نوێنەرانی ‏عێراق) لە فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)،هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەشی وەك خۆی ئاماژەی پێداوە وەرگرتنی ‏بەرپرسیاریەتیە لەناو یەکێتیدا بۆیە بڕیاریداوە لە ئەندامیەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکشێتەوە...‏
بەگوێرەی ریزبەندی ژمارەی دەنگەكانی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) لە هەڵبژاردنەكانی (12/5/2019)ی ئەنجومەنی ‏نوێنەرانی عێراقدا، (رێزان شێخ دلێر) وەك ئەندامی نوێی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)‌و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ‏‏(ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، دەستبەكار دەبێت‌و بڕیاریشە لە كۆبوونەوەی داهاتووی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)دا (رێزان شێخ ‏دلێر) سوێندی یاسایی بخوات‌و بەفەرمی دەستبەكار بێت....‏
پاش ئەوەی وەك (رێكخراوی كوردستان بۆهەمووان)، پەیوەندیمان بە ناوبراوەوە كردو پڕۆژی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی)مان بۆ ‏روونكردەوە بەڕێزیان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (پێگەی ئەلیكترۆنی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)، رایگەیاند: (چاودێری‌و ‏بەدواداچوونی ئەندامانی هەڵبژێردراو لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی‌و هاووڵاتیانە كارێكی گرنگ و جێی بایەخە‌و هاوكات ‏پڕۆژەكەشی بە گرنگ ناوبردو ئامادەیی خۆی نیشاندا بەردەوام لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا هاوكارو هەماهەنگ بێت)، ‏بەناوی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)  پیرۆزبایی لە (رێزان شێخ دلێر)دەكەین و هیوادارین بەڕێزیان لەئاست داواو داخوازیەكانی ‏هاووڵاتیان پارێزگای سلێمانیدا بێت‌و پێكەوە لەگەڵ نوێنەرەكانی دیكەی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) ‏هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ خزمەتی پارێزگاكە.‏

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft