لەبەرواری (16/7/2020)دا هەر یەكە لە (د.غالب محەمەد) و (سەرکەوت ‏شەمسەدین) نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی ‏عێراق)  نوسراوێكیان ئاڕاستەی  سەرۆک وەزیرانی عێراق كردووە، لە نامەكەدا ‏هاتووە ئێمە پشتیوانی تەواوی هەوڵەکانی بەرێزتان دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی ‏دەروزە سنورییەکان لە تەواوی عێراق. 
دەشڵێن، هیوادارین ئەم هەنگاوانە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و لەرووی ‏ئیدارییەوە بەتەنسیق بێت لە گەڵ حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی حكومەتی ‏خۆجێییەكانی پارێزگاكان، بەڵام چاودێریكردنی داهاتی مەرزەكان لە لایەن چاودێری ‏دارایی عیراقەوە چاودێری بكرێت. 
روونیشیانکردووەتەوە، وەك چۆن لە پارێزگاكانی عیراق (٥٠) % بۆ پارێزگاكە ‏سەرف دەكرێت، لە هەرێمی كوردستانیش ئەو رێژەیە بۆ خودی پارێزگاكە بێت، ‏چونكە نادادپەروەرییەكی زۆری تێدایە لە دابەشكردنی ئەو داهاتە. 
دوو نوێنەرەکەی پارێزگای سلێمانی داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، لە كاتی هەر ‏رێكکەوتنێك لە گەڵ هەرێمی كوردستان، ڕەچاوی رێژەی پارێزگاكان بكەن كە بۆ ‏پارێزگا سەرف بكرێت نەك بدرێت بە هەرێم و هەرێمیش بەشێوەیەكی ناداپەروەرانە ‏دابەشی بكات. 
راشیانگەیاندووە، لە کوردستانیش هاشێوەی ناوچەکانی تری عێراق، جگە لە ‏کۆنترۆڵی کۆمپانیا حزبییەکان بەسەر دەروازە فەرمییەکاندا، بە دەیان دەروازەی ‏نافەرمی هەیە کە بەتەواوی چەکدار و کۆمپانیای حزبی دەستیبەسەرداگرتووە و بۆتە ‏مەترسییەکی گەورە لەسەر بازار و دۆخی ئابوری و تەندروستی کوردستان عێراق ‏‎. 
غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین رایانگەیاندووە، هەوڵەکانتان بۆ ‏کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لە ناوچەکانی تری عێراق ئەنجامی ئەوتۆی ‏نابێت، بەبێ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و ‏دورخستنەوەی دەستی حزب و کۆمپانیاکان لێیان ‏‎.‎‏ ‏
شایانی باسە چەند رۆژێک پێش ئێستا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ‏بڕیاریدا چاکسازی لە دەروازە سنورییەکاندا بکات و رایگەیاند، یەکێک لە رێگەکانی ‏بەهەدەردانی دارایی  کۆنترۆڵنەکردنی دەروازە وشکانییەکانە، بە هەدەردانەکان بە ‏ملیاران دۆلار دەخەملێنرێن. وتیشی، هۆکارەکەیان ئەوەیە هەندێک گرووپی ‏دەرەوەی یاسا و هەندێک گرووپی دیکە بۆ ئامانجی دیاریکراو دەیانەوێت کۆنترۆڵی ‏دەروازەکان بکەن بۆ ئەوەی دەست بەسەر پارەدا بگرن.‏

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft