نوێنەرێكی پارێزگای سلێمانی  لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت كە بەغدا پێیوایە گواستنەوەی مووچە بۆ سەر حکومەتی عیراق بە یەکێک لە چارەسەرەکان.
(د. ڕێبوار كەریم) لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: ئەگەرچی تا دوێنێ شەو حکومەتی هەرێم ڕازی بوو نیوەی گومرکەکانی هەرێم بداتە بەغداو ڕێگە بدات چەند فەرمانبەرێکی دیوانی چاودێری دارایی عیراق و دەستەی خاڵە سنورییەکان بێنە نێو گومرکەکانەوە بەپێی ماددەی (۱۱٤)ی دەستور. لەبەرامبەردا بەغدا بڕی (۳۲٠) ملیار دیناری دەدایە هەرێم، بەڵام ڕۆژی چوار شەممە، حکومەتی هەرێم لەو رێگەپێدانەی بە نوێنەرانی چاودێری دارایی عێراق و دەستەی خاڵە سنورییەکان پەشیمان بویەوە.
هەروەها نوێنەرەكەی پارێزگای سلێمانی  لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایەگەیاندووە كە بەغدا بە هۆی ئەو پاشگەزبوونەوەیەی هەرێمەوە “بڕیاری دا پارە نەنێرێت”.
پەرلەمانتارەكە لەو بڕوایەدایە كە “ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە سەری بگرتایە بە ئاسانی مووچە هەمو مانگێک بەبێ لێبڕین دەدرا. بەڵام پەشیمانبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم لە ڕێگرییەکانی بەغدا لە
قاچاخچێتی گومرکەکان ڕیسەکەی کردەوە بە خوری”.
ڕێبوار كەریم ڕاشیگەیاند “چاوەڕێی ڕێکەوتن مەبن، تەنها گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ سەر بەغدا چارەسەرە، ئەوەش لە بەیاننامەکەی ئەمشەوی وەزارەتی دارایی عیراقدا هاتووە کە تیایدا دەڵێت دەیان هەزار ئیمزامان بۆ هاتووە بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێدانی لەڕێی ئەژماری بانکییەوە لەبەغداوە”.
هەروەها دەڵێت: “ئیتر بەسە دەبێ کێشەی مووچە بەشێوەیەکی یەکجارەکی چارەسەر بکرێت” و داواش لە مووچەخۆران دەكات بۆ جێبەجیکردنی داواكاری گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا،“بەردەوام بن لە ئیمزا کۆکردنەوەو ساردمەبنەوە”.
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft