پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە کۆی (11) ئەندامی فراکسیۆنەکە لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) ‏پەیامێکیان سەبارەت بە بەخۆپیشاندان و ناڕەزاییەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بلاوکردەوە....‏
لە پەیامی ئەو (پێنج) ئەندامەدا کە لە سێ خاڵدا ئامادەکراوە، داوا لە خۆپیشاندەران دەکەن سوتان و تاڵانکردنی بینا حكومی ‏و خزمەتگوزراریەكان نەکەنە کلتور چونکە دواتر لەسەر بودجەی پارێزگاکە نۆژەندەکرێنەوەو بەمەش زەرەرمەندی ‏یەكەم خەڵک دەبێت نەک ھیچ لایەنێک.‏
هەر لە پەیامەکەدا داواکراوە لە (ی.ن.ک) و بزوتنەوەی گۆڕان، تاکۆتایی ساڵ دەرفەت بدەنە حکومەتی ھەرێمی ‏کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغداو جێبەجێکردنی ئلتزامە دەستوریەکان (ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی ‏ڕێککەوتنی لەسەردەکرێت لەگەڵ نیوەی داھاتی خاڵە سنوریەکان‎) ‎بۆ نەھێشتنی بیانوی بڕینی بودجەو مووچە ھەروەھا ‏لەناوخۆشدا سیستمی نا ناوەندێتی(لامەرکەزی) ئیداری و دارایی بۆ پارێزگاکان جێبەجێبکات، خۆ ئەگەر حکومەتی ھەرێم ‏کات دەکوژێت، ناکرێت تەنیا تەماشەکەری برسێتی میللەتەکەمان بین! پێویستە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە ‏بچێتە دانوستانەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوریەکان‎.‎
شایانی باسە هەر سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی (فراکسیۆنی هاوپەیمانی ‏نیشتیمانی ‏لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) ‏ لە بەرواری (3/12/2020) و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)ش لە ‏بەرواری (8/12/2020) دوویاداشتیان دەرکرد، ئەمە جگە لەوەی هەریەکە لە (صباح شەھید فتاح) ئەندامی فراکسیۆنی ‏یەکێتی و (کەریم عەلی کەریم) ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) بەجیا ‏
‎لە (8/12/2020) یاداشتیان لەسەر خۆپیشاندانەکان بڵاو کردەوە، ‏
‏ ‏
ئەمەی خوارەوەش دەقی پەیامی (پێنج) ئەندامەکەیە:‏

پەیامێک سەبارەت بەخۆپیشاندان و ناڕەزاییەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
کۆمەڵانی خەڵکی ماندوو بەشەرەفی سنوری دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، حزبە سیاسیەكان، لەپێناو ‏ڕزگارکردنی ئەوەی ماوەو بۆئەوەی زیاتر خوێنی گەنجەكانمان نەڕژێت داوا دەکەین‎: ‎
‏١‏‎/ ‎گەنجانی توڕەو گیرفان خاڵی تکایە باسوتان و تاڵانکردنی بینا حكومی و خزمەتگوزراریەكان نەکەینە کلتور، ئەوە داوا ‏ڕەواکان دەشێوێنێت و پاساودەدات بۆ توندوتیژی، ھەروەھا زەرەرمەندی یەكەم خەڵکەکەی خۆمانە نەک ھیچ لایەنێک، ‏جگەلەوەش دواتر لەسەر بودجەی ناوچەکانمان دەبێت چاك بكرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش بینای ھەرچی حزب ھەیە ‏بەقوربانی خوێنی گەش و ئاڵی گەنجێكی ئەم نیشتمانە بێت‎.‎
‏٢‏‎/ ‎داوای موچەو کارو بژێوی، شەڕی گەندەڵی و ھاواری ناعەدالەتی حەق و ڕەوایە، بۆ لەڕەگەوە چارەسەکردنی ئەم ‏کێشەیە کەلە ساڵی ٢٠١٤ میللەتەکەمانی ماندوو کردووە، ڕودەکەینە (ی.ن.ک) و بزوتنەوەی گۆڕان وەک دولایەنی ‏خاوەن پێگەی جەماوەری ئەم سنورە کەبەشداری حکومەتن، داوادەکەین تاکۆتایی ساڵ دەرفەت بدەنە حکومەتی ھەرێمی ‏کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغداو جێبەجێکردنی ئلتزامە دەستوریەکان (ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی ‏ڕێککەوتنی لەسەردەکرێت لەگەڵ نیوەی داھاتی خاڵە سنوریەکان‎) ‎بۆ نەھێشتنی بیانوی بڕینی بودجەو مووچە ھەروەھا ‏لەناوخۆشدا سیستمی نا ناوەندێتی(لامەرکەزی) ئیداری و دارایی بۆ پارێزگاکان جێبەجێبکات، خۆ ئەگەر حکومەتی ھەرێم ‏کات دەکوژێت، ناکرێت تەنیا تەماشەکەری برسێتی میللەتەکەمان بین! پێویستە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە ‏بچێتە دانوستانەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوریەکان‎.‎
‏٣‏‎/ ‎پێمان وایە دابینکردنی ژیانێکی شایستەو بەکەرامەت بۆ خەڵکەکەی خۆمان بەشێکی گەورەیە لەنیشتیمان پەروەری‎.‎
خوای گەورە ئاگاداری ھەموان بێت
‏١‏‎- ‎ڕێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا
‏٢‏‎- ‎صباح شەھید فتاح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا
‏٣‏‎- ‎نیاز سەید ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا
‏٤‏‎- ‎صەمەد ئیبراھیم ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا
‏٥‏‎- ‎ئاڤان جەمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft