ئەمڕۆ (شەممە) (16/1/2021)، فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبونەوەی ‏مانگانەی ئاسایی خۆی سازکرد و دوابەدوای کۆبوونەوەکەش  راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە کە تیایدا لە ‏‏(5) خاڵدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکە بۆ رایگشتی خراوەتەڕوو کە بریتین لە:‏
‎1. ‎هەمو هەوڵێکی فراکسێۆنی گۆڕان وەک پێکهاتەیەکی کاریگەری ناو هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی ‏چالاککردنی رۆڵی نوێنەرایەتیە لە ئاست کاری پێکەوەییدا و رێگرتنە لە هەر قۆرخکارییەکی ناو پرۆسەی ‏سیاسیی عێراق کە حزبێک یان ئاراستەیەکی سیاسیی ناو هەرێم بیەوێت بەناوی نوێنەرایەتیی خەڵکی ‏کوردستانەوە و لەسەر حسابیی خەڵکی هەرێم، ئەجێندا حزبیی و شەخسی و عائیلیەکانیان جێکەوت بکەن‎.‎
‎2. ‎دەربارەی پڕۆژە یاسای موازەنەی فیدڕالی بۆ ساڵی 21، فراکسێۆنی گۆڕان بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە ‏رایدەگەیەنێت کە لەگەڵ ئەوەدایە چیتر لە پاڵ تاڵانکردنی داهاتەکانی کوردستاندا بەتایبەت داهاتی نەوت ‏خەڵکی کوردستان بێموچە و بێ بودجە نەکرێ بەناوی دروشمی موزەییەف و، کاتی ئەوە هاتوە نەوتی ‏خەڵکی کوردستان ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە کێشەی پشکی هەرێم لە موازەنەی فیدراڵیدا، نەک ‏هەرزانفرۆش و تاڵانفرۆش بخرێتە خزمەتی دەوڵەتان و حزب و خێزانە سیاسیەکان‎.‎
‎3. ‎فراکسێۆن جارێکی تر جەخت لە بەرجەستەکردنیی ئازادییە گشتیەکان دەکاتەوە لە هەرێمی کورستان و ‏بەردەوامە لە فشار و بەدواداچونەکانی لەسەر دۆسێی دەستگیرکراوەکانی ژیر دەسەڵاتی زۆنی زەرد و ‏سەلامەتیی گیانی هەمو ئەو رۆژنامەنوس و مامۆستا و چالاکوانانە دەخاتە ئەستۆی حزبی دەسەڵاتداری ‏ئەوێ. هەروەها بەردەوامین لە فشار کردن بۆ لێکۆڵینەوە لە بکوژانی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ‏ساڵی رابردو لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەدادگایی گەیاندنیان‎. ‎
‎4. ‎هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوە بە شیوەیەکی رێکخراو و هاوبەش لە لایەن پارتی و ‏هاوئاوازەکانییەوە دژی هاوپەیمانیی هیوا بە گشتی و فراکسێۆنی گۆڕان و ئەندامانی بە تایبەتی ‏بەرێوەدەچێت، ئێمە لە کاتێکدا هۆشداری دەدەین لەوەی بەوردی ئاگاداری سەفقە و پیلانەکانیانین، ‏ئاگاداریشیان دەکەینەوە کە هەرگیز و لە ژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری ئەو ئامانجانە نابین کە وەک ‏گرێبەستی نێوان ئێمە و خەڵک وایە و لەسەرەتاوە گۆڕانی لە پێناودا دامەزراوە‎.‎
‎5. ‎فراکسێۆن بێباکی خۆی لە هەمو ئەو هەوڵ و هەنگاوە هاوبەشانەی بەرەی دەسەڵات دەخاتە ڕوو کە ‏بەرامبەر فراکسیۆن دەیگرنە بەر، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەو قەناعەتە سیاسیانەن کە لە سەرەتای گۆڕانەوە ‏وەک بەڵێنی سیاسیی بەخەڵکمانداوە و لە دەرەوەی بەرژەوەندی گشتی نابینە پارێزەری خەڵکی لادەر و، ‏بەردەوام دەبین لە نوێنەرایەتی کردنی راستەقینەی جەماوەری گۆڕانخواز و ناڕازیی کوردستان کە ئێمە ‏شەرعییەتمان لەوان وەرگرتوە‎.‎

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎16/ 1/ 2021
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft