ماوەیەکە لیژنەی پلان وپڕۆژەکان، لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ یەکێک لە پڕۆژەکانی پارێزگاکە، کە بریتییە لە پڕۆژەی (دروستکردنی گەنجینەی ئاسایی و ساردکەرەوەی سەوزەومیوەی هوانە)
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام پاش بەدواداچوونەکانی لیژنەکەی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی، دەرکەوتووە کە پڕۆژەکە بۆ دروستکردنی (عەلوەی سەوزەوە میوە) بە هاوولاتیان ناسێنراوەو هەربۆیە چەندان هاووڵاتیش بەمەبەستی کڕینی (قاتع) بڕێکی زۆر پارەیەیان داوەتە کۆپانیای جێبەجێکار...
 لیژنەی پلان وپڕۆژەکان، لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)ش لەم بارەیەوە روونکردنەوەیەکی بۆ رایگشتی بڵاوکردەوە
 (رەمەزان نامق) سەرۆکی لیژنەی پلان وپڕۆژەکان، لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (پێگەی ئەلیکترۆنی رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە " ئەم پرۆژەیە لەنزیک عەلوەی کۆنی سلێمانی لەھوانە دروستدەکرێت، بریتیە لە کۆمەڵگەی گەنجینەی ئاسایی و ساردکەرەوە، مۆڵەتەکەی تەنھا بۆ ئەو مەبەستەیە کەلەناوەکەیدا دیارە و بۆ عەلوە نییە."
هەوەها سەرۆکی لیژنەی نابراو وتی: "داوا لەھەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین کە کڕین و فرۆشتنیان بەنیازی عەلوە بەم جێگەوەیە کردووە بەمامەڵەکانیاندا بچنەوە ، چونکە بەپێی بەدواداچونەکانی ئێمە لەگەڵ کشتوکاڵ و وەبەھێنان و شارەوانی، جگە لە دروستکردنی گەنجینە (مخزن) و بەڕاد ئەم پرۆژەیە بۆ ھیچ چالاکیەکی دیکە ڕێگەی پێنادرێت، لەھەر حاڵەتێکی لادان لەمۆڵەتەکەش بێگومان لیژنەی پلان و پرۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھەموو ڕێگەیەکی یاسایی و ئیداری دەگرینە بەر".
سەبارەت بەو هەڕەشانەش کە لە ئەندامانی ئەنجومەنی پاریزگا کراوە، ناوبراو هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوەو وتی: لەلایەن بەشێک لەو هاووڵاتیانەی کە گرێبەستیان لە گەڵ کۆپانیاکە کردووە بەمەبەستی کڕینی (قاتع) هەڕەشەیان لێکردووین کە دەست لە بەدواداچوونەکانمان هەڵگرین، ئەگەر نا خۆیان بە بەرپرسن لە هەر ڕووداێک کە رووبدات"
دەقی یاداشتی لیژنەی پلان وپڕۆژەکان، لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی):

هەڕەشەی هیچ کەس و لایەنێک کاریگەری لەسەر بڕیارەکانمان نابێت و خاتری هیچ کەسێکیش ناگرین لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و یاسایی و پیشەیی کاری خۆمان ئەنجام دەدەین ...
سەبارەت بەپرۆژەی(دروستکردنی گەنجینەی ئاسایی و ساردکەرەوەی سەوزەومیوەی هوانە) ئەم روونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی دەخەینە روو:
پرۆژەکە بەڕاد و گەنجینەی ئاساییە و عەلوە نیە !
١/ ئەم پرۆژەیە لەنزیک عەلوەی کۆنی سلێمانی لەھوانە دروستدەکرێت، بریتیە لە کۆمەڵگەی گەنجینەی ئاسایی و ساردکەرەوە، مۆڵەتەکەی تەنھا بۆ ئەو مەبەستەیە کەلەناوەکەیدا دیارە و بۆ عەلوە نییە.
٢/ ھەندێک بەڕێز وەک عەلوەو قاتعی عەلوە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە کردووە، دیارە دورو نزیک ئەم زەویەو مۆڵەتەکەشی بۆ عەلوە نییە چونکە تەنھا ماوەیەکی کورت لە عەلوە کۆنەکەوە دورە! ناکرێت ھەمان جۆر دوو چالاکی وەبەرھێنان بەو جۆرە لەنزیک یەکەوە بن ، عەلوە نەخشەی سێکتەری و جەدوای ئابوری تایبەت بەخۆی هەیە .
٣/ داوا لەھەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین کە کڕین و فرۆشتنیان بەنیازی عەلوە بەم جێگەوەیە کردووە بەمامەڵەکانیاندا بچنەوە ، چونکە بەپێی بەدواداچونەکانی ئێمە لەگەڵ کشتوکاڵ و وەبەھێنان و شارەوانی، جگە لە دروستکردنی گەنجینە (مخزن) و بەڕاد ئەم پرۆژەیە بۆ ھیچ چالاکیەکی دیکە ڕێگەی پێنادرێت، لەھەر حاڵەتێکی لادان لەمۆڵەتەکەش بێگومان لیژنەی پلان و پرۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھەموو ڕێگەیەکی یاسایی و ئیداری دەگرینە بەر.
ڕەمەزان نامق کریم
سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
۲٦ / ۱ / ۲۰۲۱

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft