+ نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی: داوامان لە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران کە ئەو پارەیە بە زوویی بنێرن

+ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران : نوسراومان بۆ وەزارەتی دارایی کردوە کە بە زوترین کات ئەوپارەیە سەرفبکرێت

+ وەزارەتی دارایی: پارەکە بە زوویی بۆ هەرێم دەنێرین



یەکێکی تر لە و کێشانەی کە چەند جارێکە نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی هەوڵی چارەسەرکردنیان داوەو بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، کێشەی دواکەوتنی تەمویلی فەرمانگە ئیتیحادییەکانی هەرێمی کوردستانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، سەبارەت بەم بابەتەش نوێنەرانی کوردی لیژنەی دارایی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) روونکردنەوەیەکیان بڵاو کردەوە، بە گوێرەی روونکردنەوەکە بڕیارە حکومەتی فیدراڵی لە زووترین کاتدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات....
ئەمەش دەقی روونکردنەوەکەیە:

رونکردنەوەیەکی پێویست:
سەبارەت بە دواکەوتنی تەمویلی فەرمانگە ئیتیحادییەکان کە لە دوای قانونی پڕکردنەوەی کورتهینانی داراییەوە چەند مانگێکە دواکەوتووە، ئەمڕۆ پەیوەندیمان بە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرد و داوامان لێکرد کە ئەو پارەیە بە زویی بنێرن، پێی راگەیاندین نوسراومان بۆ وەزارەتیی دارایی کردوە کە بە زوترین کات سەرفبکرێ و بریکاری وەزیری دارایش وەلامی داوەتەوە کە بە زویی بۆ هەرێمی دەنێرن.
داوای ئێمە ئەوەیە حکومەتی هەرێم تەحەمولی ئەو هەڵوێستەی بکا کە خۆی ئەو فەرمانگانەی لە روی دابەشکردنی موچەوە بەستۆتەوە بە خۆیەوە و بە دڕێژایی سالانی رابردو رێگربوە لەوەی موچەکانیان بگوازینەوە سەر حکومەتی فیدراڵیی. لێرەوە پێویستە موچەکانیان بە تەواوی سەرف بکا یاخود لەسەر خۆی بیکاتە ئیلتزام، هەمان شت بۆ تێکرای فەرمانبەرانی هەرێم داوای ئێمەیە و مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیانە نەک منەت و بەخشندەیی حکومەتی هەرێم.
ئێمە لێرە لە بەغدا بەدوای ئەو دۆسێیەدا چوین و لە قانونی موازەنەشدا برگەیەکمان بۆ گواستنەوەی یەکجاری ئەو مەلەفە بۆ سەر حکومەتی بەغدا جێگیرکردوە و هیوادارین حکومەتی هەرێم لەبری رێگری هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی ئەو ئیلتزامە بکەوێتە سەر شانیی حکومەتی فیدراڵی و هاوشیوەی گومرگ و پاسەوانی سنور راستەوخۆ موچە وەربگرن.
ئەحمەد حاجی رەشید
جەمال کۆچەر
شێروان میرزا
هۆشیار عەبدوڵا
۸ ی شوباتی ۲٠۲۱

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft