فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی راستاندنی سلێمانی كە فەرمانگەیەكی فیدراڵی عێراقە، ناچار دەكات، بەبێ گەڕانەوە بۆ هەولێر ئیمزای راستاندن لەسەر هیچ نوسراوێكی سنوری پارێزگای سلێمانی نەكات، تەنانەت ئەو نوسراوانەی كە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە دەردەچن، دەبێت ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پەسەندیان بكات. 
بەشی راستاندن سەربە فەرمانگەی كونسوڵگەرییە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، كاری ئەم فەرمانگەیە لە پارێزگاكان، پشتڕاستكردنەوەی نوسراوە فەرمییەكانە لەبەردەم حكومەتی فیدراڵی عێراقدا.
لەو نوسراوەدا، بەڕێوەبەری بەشی راستاندن لە سلێمانی دەڵێ:" بەگوێرەی نوسراوێكی نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، تەسدیقكردنی هەر بەڵگەنامەیەكی فەرمی كە لە فەرمانگەكانی سەربە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچوبێت، بەر لەوەی ئێمە تەسدیقی بكەین، دەبێت لەلایەن هەندێك لایەنی حكومییەوە لە هەولێر تەسیدق بكرێن، بۆیە نابێت پشت بە هیچ تەسدیقكردنێك ببەسترێت لەلای ئێمە".
بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگە فیدراڵییە بە چەند خاڵێك ئاماژەی بەو بوارانە كردووە كە لای ئەوان لە سلێمانی ناتوانن تەسیدیق واتا راستاندنی بۆ بكەن‌و دەبێت لە هەولێر ئەنجام بدرێن، لەوانەش   هەموو ئەو بەڵگەنامانەی كە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە دەردەچن، لەنمونەی نوسراوی نیشتەجێبوون‌و بابەتی تر، دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو ئەو لایەنانەی ترەوە پەسەندبكرێت كە لە سەرەوە باسكراون. 
ئەمەش نیگەرانی لای (ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی) دروستکرد، ئەمڕۆش (3/3/2021) لە هۆڵی کۆبونەوەکانی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن، کۆ بوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکی لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەن ئەنجامدرا،  کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوو تەوەری سەرەکی :
یەکەم/ نوسراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ فەرمانگەی راستاندنی سلێمانی.
دووەم/  فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆ لە ( 11-2-2021 وە 22-2-2021 ) جەختی لێکراوەتەوەو وێنەیەکی نوسراوەکە ڕەوانەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە. 
دوابەدوای کۆبوونەوەکە  ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: یەکێک لە بابەتەکان تایبەتە بە نوسینگەی ڕاستاندنی سلێمانی کە هەندێک بڕیاری بۆ هاتووە لە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەو داواکرا بۆ ڕاستاندنی ئەو نوسراو و دۆکیۆمێنتانەی کە پەیوەندی بە هەموو لایەنەکانەوە هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگاو ژوری بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دیکە ببریتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو ئەوانەشی تایبەتە بە ژورە بازرگانییەکانەوە لە هەولێرەوە ڕاستاندنی بۆ بکرێت.  
 سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشى "هەردوو ئەنجومەنەکە بەپێی یاسا یەک دەسەڵاتیان هەیەو دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتانە وەربگرنەوە کە جێگەی سەرسوڕمانە، وەکو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەد لە سەد ڕەتیدەکەینەوەو ئەو کارەش بەدژی لا مەرکەزیەتی دەزانین کە پێشتر حکومەتی هەرێم لەکارنامەکەی باسی کردووە".   
 باسى لەوەشکرد، بابەتەکەى دیکە تایبەتە بەفەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆ لە 11-2-2021 وە 22-2-2021 جەختی لێکراوەتەوەو وێنەیەکی نوسراوەکە وێنەیەکی نوسراوەکە ڕەوانەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە.  
 (ئازاد محەمەد ئەمین) ئەوەشى خستەڕوو، لەم فەرمانەی وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەک لە 6 کەس پێکهێنراوە کە بەشێک لە ئەندامانی لیژنەکە پەیوەندی بە پەیمانگای بەرگری شارستانی هەیەو ڕاسپێردراون بۆ پێدانی مۆڵەت بە هۆتێل و مۆتیل و بەنزینخانە و هاوشێوەکانی کە دەبێت مۆڵەتەکە پێشوەختە لەم لیژنەیە وەربگیرێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککارەکانی تایبەت بە سەلامەتی.  
   "ئێمە پێمان وایە ئەمە دژی لامەرکەزیەتە و دژی بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆک وەزیرانە ک خۆیان ئاماژەیان پێکردووە کە لە کابینەی نۆیەم بەرنامەی لامەرکەزی کارگیڕی هەیەو ئەمەش دەسەڵاتی کارگێڕییەو دەبێتە زیادبوونی ڕۆتین و بارگرانی لەسەر ئەو کەسانەی داوای مۆڵەت دەکەن" ئازاد حەمەئەمین وایوت.  
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft