(د. بەهار مەحموود) نوێنەری پارێزگای سلێمانی و هاوکات ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی یاساییبوون یان نەبوونی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە روونکردنەوە دەدات. ئەوەش دوای ئەوەی کە لیژنەی دەستپاکیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "ناردنی مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نایاساییە".د. بەهار مەحموود، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی یاسای بودجەی 2021 دەبێت هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، پابەندبن بە جێبەجێکردنی ماددەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان.  ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی روونیکردەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی نێو ماددەی 11ی یاسای بودجە، ئەوا ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە "کارێکی یاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبووبێت، ئەوا ناردنی ئەو پشکە نایاساییە."هاوکات  ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە بنەڕەتەوە وەک بزووتنەوەی گۆڕان باوەڕیان بەو ماددەیە نەبووە، بۆیە دەنگیان پێنەداوە، چونکە پێیانوابووە، ئەو ماددەیە تەنیا بۆ "شەرعیەتدانە بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەردوولاش پابەندی جێبەجێکردنی ماددەکە نابن."
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft