بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاڵوگۆڕ لە پۆستەكاندا دەكرێت!

لادانی قایمقامی (چەمچەماڵ) كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە بە پرۆسەیەكی نایاساییدا تێپەڕی، لە  بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی(2015) هاتووە (قائمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیەكانی كوردستان – عێراق لە لایەنی كارگێرشییەوە، پەیوەست دەبن بە وەزارەتی ناوخۆ لەڕێگای پارێزگاكان‌و ئیدارە سەربەخۆكان، پارێزگار یان وەزیری ناوخۆ بۆی هەیە داوای لادانی قائمقام یان بەڕێوەبری ناحیە بكات، لەسەر كار لادانیان بەرەزامەندی (2/3) دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا).
" ناكرێت حكومەت هەستێ بە لادانی قائمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیەكان، بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان ." ئەمە وتەی بەڕێز (ئەنوەر تاهیر جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) بوو، هەروەها ناوبراو بە سایتی رێكخراوی (كوردستان بۆ هەمووان)ی راگەیاند، "دەبوایە بەڕێز قائمقامی چەمچەماڵ،  بانگبكرایەتە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و لەوێ ئەنجومەن بڕیاری لادانی بدایە".
بەڵام سەبارەت بە دانانی قائمقامی نوێ بەوەكالەت، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن ئاماژەی بەوەكرد كە "ئاساییە قائمقام بەوەكالەت دابنرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا"
 بەڕێز (ئەكرەم شەریف) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا‌و جێگری پێشویی سەرۆكی ئەنجومەن، بۆچوونی جیاوازی هەبوو، ئەو پێی وایە بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی(2015)‌و یاسای ژمار (3)ی ساڵی (2009) زۆر بەروونی باسی دانان‌و لادانی قائمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیەكانی كردووە، لەبەر ئەوە فەرمانەكەی وەزارەتی ناوخۆ پێچەوانەی بڕیارەكەی پەرلەمانە، ئەو بە سایتی رێكخراوی (كوردستان بۆ هەمووان)ی راگەیاند "من لەگەڵ گۆڕانكاریم كە لە هەر پۆستێكدا بكرێت، بەڵام پێویستە ئەو پرۆسەیە بەو شێوەیە بێت كە یاسا دیاریكردووە"
بەڕێز (سەباح فەتاح ئەحمەد) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و سەرۆكی پێشووی لیژنەی یاسایی، بەم شێوەیە بۆ سایتی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)دواو ئەو پێی وابوو، لە هەموو حاڵەتێكدا دەبوایە بۆ گۆڕانكاری لە پۆستی قائمقامی (چەچەماڵ)دا ئەم بابەتە بهاتایەتەوە بەردەست ئەنجومەنی پارێزگاو ئەنجومەن بڕیاری خۆی لەبارەوەیەوە بدایە، چونكە وەك چۆن دانانی قائمقامەكان لە رێی ئەنجومەنەوەیە دەبێت بەهەمان شێوەش لادانانیان هەر لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە بێت، هەروەها باسی لەوەشكرد، لەكاتی ئامادەنەبوونی قائیمقام بە هەر هۆیەكەوە بێت، دەبێت بەڕێوەبەری ئەو ناحیەیەی كە نزیكترینە لە قەزاكە ئەو ببێتە قائمقام بەشێوەیەكی كاتی، تا ئەنجومەنی پارێزگا رەزامەندی لەسەر قائیمقامێكی نوێ دەدات، بەڵام  قەزای (چەمچەماڵ) لە رووی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە، و بەڕێز قائیقامی قەزای چەمچەماڵ بەوەكالەت بەڕێوەبەری ناحیەی (تەق تەق)ە كە سەر بەقەزای (كۆیە)یەو قەزای كۆیەش سەربە پارێزگای هەولێرە.

شیانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەی ژمارە (35) دا لە (18/5/2017) كە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی تایبەت بوو بە میوانداریكردنی هەریەكە لە (قایمقامی چەمچەماڵ) ‌و  (بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوا). بۆ قسەكردن لە سەردۆخی ئەمنی (چەمچەماڵ)، بەڵام لە ئاڵوگۆڕكردنی قائیمقامدا ئەنجومەنی پارێزگادا هەڵنەستا بە رۆڵی یاسایی خۆی لەم پرۆسەیەدا، وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد. بەمەش ئەو پرسیارە لە لای هاوڵاتی دروست دەبێت كە بۆ چی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پرسێكی ئاوادا هیچ رۆڵێكی نییە؟!؟!؟
شایانی باسە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە (12/6/2017) ژمارە (10126)دا فەرمانێكی دەركرد سەبارەت بە لادانی بەڕێز (ئامانج محمد ئەحمەد) قائمقامی قەزای چەمچەماڵ‌و گواستنەوەی بۆ دیوانی پارێزگای سلێمانی و هەورەها دانانی بەڕێز (رمك رەمەزان قادر) بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق قەزای كۆیە/ پارێزگای هەولێر بۆ پارێزگای سلێمانی‌و دانانی بە قائمقامی قەزای چەمچەماڵ.





SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft