بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان)، لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان-ە، كە بە هاوكاری رێكخراوی (NED) سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی لەرادیۆی نەواوە پێشكەش دەكرێت.
ئەم بەرنامەیە بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە.
بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) لەلایەن رۆژنامەنووس (توانا عەلی كەمال) و ئامادە و پێشكەش دەكرێت، بەهاوكاری (میران محەمەد) و (دیار ساڵح) لە كۆنترۆڵ و لە پەیوەندییەكان (بینایی شۆڕش) و ئەپلۆدەری سایت (شرام حسێن).
رۆژی یەكشەممە (19-2-2017) شەشەم بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) پێشكەشكرا بە میوانداری بەڕێز (خەدیجە عەبدولجەبار) سەرۆكی لیژنەی پلان و پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
لەم بەرنامەیەدا خەدیجە عەبدولجەبار بوونی كۆمپانیای سێبەرو ژمارەی پرۆژە وەستاوەكان ئاشكرادەكات و ئاماژە بەمەترسییەكانی قەیرانی دارایی لەچەند ساڵی داهاتوو دەكات.
خەدیجە عەبدولجەبار سەرۆكی لیژنەی پلان و پرۆژەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) كە رۆژی یەكشەممە لەڕادیۆی نەوا پێشكەشكرا، رایگەیاند: لەسێ‌ ساڵی 2016 و 2017 و 2018 پێویستمان بە 15 ترلیۆن دینار بووە بەڵام لەساڵی 2014ەوە هیچ پرۆژەیەك لەسلێمانی نەچۆتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.
خەدیجە عەبدولجەبار ئاماژەی بەمەترسیداریی قەیرانی دارایی كردو وتی: شوێنەوارەكانی لەساڵانی داهاتوودا زیاتر دەردەوێت، لەبەرئەوەی گەشەكردن بەدەوام دەبێت، بەڵام بودجە نییە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری.
ئەوەشیخستەڕوو كە گەشەكردن لە هەموو هەرێمی كوردستاندا وەستاوە و بەتایبەتیش سلێمانی، لەبەرئەوەی پارێزگای سلێمانی زیاتر زەرەمەند بووە لە دەستی رژێمی بەعس، بۆیە ئەو پارانەی هەبووە لە رابردوودا زیاتر لەژێرخانی ئابوریدا خەرج كراون نەك لەپڕۆژەی گەورە.
خەدیجە عەبدولجەبار ژمارەی پرۆژە وەستاوەكانی سلێمانی ئاشكرا كرد و وتی: زیاتر لە 4 هەزار پرۆژە لەسلێمانی وەستاون و پارەنییە تەواو بكرێن، ئەگەر ئەیانزانی پارە نییە بۆ خستویانەتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، لەوانەیە هەر ئاگاشیان لەوە نەبووبێت كە پارە هەیە یان نییە.
وتیشی: هەر وەزیرو بەرپرسێك بۆ خۆی بڕیاری داوە، بەتایبەت لەكاتی هەڵبژاردندا، هەر ئەوەندەت دەزانی پرۆژە دەچووە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.
هاوكات هۆكاری كاریگەریی زۆری قەیرانی دارایی بۆ "نەبوونی پلان و بەشێك لە كۆمپانیاكان گەڕاندەوە" و وتی: نەبوونی پلان یەكێكە لەهۆكارەكان و هەروەها بەشێك لە كۆمپانیاكان ئەهلیەتی ئەوەیان نەبووە پرۆژەیان پێبدرێت، بەڵام پێیان دراوەو كۆمپانیا هەبووە سێبەر بووەو ئێستاش هەیە.

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft