پاش ئەوەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەی (جوت سایدی (چوار قورنە _هیزۆپ)) وەك چەندین پڕۆژەی تر راگیران، ئێستا سەرلەنوێ دەستكراوەتەوە بە تەواوكردنی پڕۆژەكە، 
بەڵام خۆشبەختانە ئێستا كاركردن لە پرۆژەكە دەستی پێكردووەتەوە. 
محەمەد رەسول موراد، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری‌و شارەوانی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)، رایگەیاند: (.... بێگومان ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لەپڕۆژە گرنگەكان، كە بەداخەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا لەكاتی خۆیدا جێبەجێبكرێت، ئەوەبوو چەندین جار وەك لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگا، لە مانگی (5/2015)دا داوامان لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كردووە، هەروەها لە رێگەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاشەوە چەندینجار نوسراو ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە، كە كاربكرێت بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەم پڕۆژەیە‌و پێمان راگەیاندون كە تەنها لەماوەی (6) مانگدا (124) رووداوی هاتووچۆ روویانداوە‌و بە دەیان كەس لەو رووداوانەدا بوونەتە قوربانی...) لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری‌و شارەوانی ئەم رێگایەیە بە (بەرەیەكی تری داعش)ی ناوبرد، بەهۆی زۆری قوربانیانی ئەو رێگایەوە.
هەروەها ناوبراو رایگەیاند: (خۆشبەختانە ئێستا پڕۆژەكە دەست بەكاركردن تێیدا كراوەتەوە، ئەگەرچی كاركردنە زۆر هێواشە، بەڵام هەرجێگەی دڵخۆشیە، بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی راپەڕین، بڕی (52) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوەو ئەگەر هەیە لەماوەی ساڵێكدا پڕۆژەكە تەواو بكرێت.)
شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە پێشتر (47%)ی تەواوكرابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی كاركردن تێیداوەستا، شۆفیران ناچاربوون ئەو بەشە بەكاربهێنن، بۆیە مەترسی ئەوە دەكرا كە ئەو  (47%)ش تێكبچێت.
شایانی باسە ساڵانێكی زۆرە لەسنوری پارێزگای سلێمانی ساڵانە چەندان هاووڵاتی دەبنە  قوربانی بەهۆی خراپی رێگاوبانەكانەوە بەتایبەت رێگای (سلێمانی - راپەڕین)، (سلێمانی - گەرمیان).
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە بۆچی لەسەردەمی زۆری بوودجەدا لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاوڕیان لەم پڕۆژانە نەداوەتەوە، بەتایبەت خولی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە ماوەی (9) ساڵ دەستبەكاربوون‌و شتێكیش بەناوی قەیرانی داراییەوە بوونی نەبوو؟!

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft