پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (20/6/2018) لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی محەمەد شێخ وەهاب لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ، لە بارەی بوونی بەنزینی كوالێتی خراپ و تێكەڵكردنی چەند جۆرێكی بەنزینی خراپ روونكردنەوەیدا . محەمەد شێخ وەهاب وتی: " بەپێی ئەو بەدواداچوونەی بۆ سووتەمەنی و بەنزین كردوومانە لە شاری سلێمانی لە چەندین شوێندا لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بەنزین تێكەڵ دەكرێت و ئەو بەنزینەی كە دەدرێتە هاووڵاتییان جۆرێكی زۆر خراپە ". ئەو وتیشی: "تێكەڵكردنی بەنزین لە لایەن كۆمپانیا و كەسانێكەوە دەكرێت كە هیچ شارەزاییەكیان نییە لە بوارەكەدا و بە شێوەیەكی عەشوائی كارەكە ئەنجام دەدەن، ئەوەش زیانی گەورەی بەدواوە دەبێت لەسەر ژینگە و تەندروستی هاووڵاتییان و ئەو ئۆتۆمبێلانەش كە ئەو جۆرە بەنزینەیان تێدەكرێت ".
هەرلەمیانی كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەدا، (محەمەد شێخ وەهاب)،ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە "ژمارەیەك كۆمپانیا و بەرپرس لەو بابەتە تێوەگلاون و سەرجەم بەڵگەكانمان داوەتە پارێزگاری سلێمانی، داوا دەكەین لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە پێكبھێندرێت و لێكۆڵینەوە بكرێت ". بەپێی  وتەی ناوبراو، تەنها لەناو شاری سلێمانی زیاتر لە 50 شوێنی عەمباركردنی ئەو جۆرە سووتەمەنیانە هەیە و لە میانی بەدواداچوونی ئەو كێشەیە و بەسەركردنەوەی ئەو جێگایانەشدا رووبەڕووی كێشە و هەڕەشە لێكردن بووەتەوە .
شیاوی باسە كێشەی خراپی‌و بەرزی نرخی سوتەمەنی یەكێكە لەو كێشانەی كە تائێستا نە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نە پارێزگاری سلێمانی نەیانتوانییەوە چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، ئەمە لەكاتێكدا لە رۆژی (6/6/2018) لیژنەی پیشەسازی‌و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بانگهێشتی پارێزگاری سلێمانی‌و لیژنەی سووتەمەنی پارێزگایان كرد سەبارەت بە كێشەی خراپی‌و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، بەڵام تائێستا كێشەكە چارەسەر نەكراوەو هاووڵاتیانیش باجەكەی دەدەن.


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft