ئەمڕۆ (سێ شەممە) بەرواری (27/11/2018) بەئامادەبوونی سەرۆك‌و دەستەی سەرۆكایەتی و بەشێكی زۆر لە ئەندامانی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)، لە مەراسیمێكی تایبەتدا راپۆرتی چواەمی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و هاووڵاتیان) بڵاوكرایەوە.
لەسەرەتای مەراسیمەكەدا بەڕێز (ئاواز سەلیم) سەرۆكی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) وتەی رێكخراوی پێشكەشكرد‌و لەبەشێكی وتەكەیدا وتی: (یەكێك لەو ئامانجانەی كە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە كاری بۆ دەكات؛ (چاودێریكردنی ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەكان‌و دامەزراوە گشتی‌و میرییەكان)ە،  هەر لەو پێناوەشدا پڕۆژەی (بەشداریپێكردن‌و پتەوكردنی پەیوەندی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و هاووڵاتیان)ی گەڵاڵەكرد‌و خستیە بواری جێبەجێكردنەوە، تا لە لایەكەوە پەیوەندی نێوان (هاووڵاتی ــ دەنگدەر)‌و (ئەنجومەنی پارێزگا) پتەو بكات، لەلایەكی دیكەشەوە هەڵسەنگاندن‌و بەدواداچوون بۆ كارەكانی ئەنجومەن بكات.)
هەرلەمیانی وتەكەیدا، سەرۆكی ریكخراو داوای كرد لە ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان، كە كاری جدی بكات بۆ ئەنجامدانی (هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان) لەنزیكترین كاتدا....
لەكۆتایشدا سوپاسی سەرۆك‌و دەستەی سەرۆكایەتی‌و ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن كرد كە لەماوەی چوارساڵی رابردوودا، وەڵامدەرەوەی داواو بانگهێشتەكانمان بوون، وەك ئەركی نوێنەرایەتی‌و گەشەدان بە دیموكراسی خۆجێیی...
پاشان لەلایەن بەڕێوبەری پڕۆژەوە، پوختەیەك لە راپۆرتی چوارەم خرایەڕوو.
لە تەوەری سێیەمیشدا (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، وتەی ئەنجومەنی پارێزگای پێشكەشكرد‌و لە میانی وتەكەیدا بەڕێزیان، كارو چالاكییەكانی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ی بەرز نرخاند‌و چالاكییەكانی رێكخراوی بەگرنگزانی چ بۆ ئەنجومەنی پارێزگا‌و چ بۆ هاووڵاتیانیش.
دواتریش دەرگای گفتوگۆ بۆ ئەندامانی ئەنجومەن كرایەوەو تەوەری گفتوگۆكانیشیان لە بازنەی رەخنەو پێشنیارو دەستخۆشی و بەرزنرخاندندابوو.
لەكۆتایی مەراسیمەكەدا (ئاواز سەلیم) سەرۆكی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) راپۆرتەكەی پێكەشی بەڕێز (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردو پاشانیش راپۆرتەكە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەن‌و بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندا دابەشكرا.
شایانی باسە ئەم راپۆرتە بەشێكە لە پڕۆژەی (بەهێزكردنی ئەدای ئەنجومەنی پارێ.گای سلێمانی و پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ هاووڵاتیاندا) كە لەلایەن  رێكخراوی (NED)ی ئەمریكییەوە  پاڵپشتی دەكرێت.








































































SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft