بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان)، لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان-ە، كە بە هاوكاری رێكخراوی (NED) سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی لەرادیۆی نەواوە پێشكەش دەكرێت.
ئەم بەرنامەیە بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە.
بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) لەلایەن رۆژنامەنووس (توانا عەلی كەمال) و ئامادە و پێشكەش دەكرێت، بەهاوكاری (میران محەمەد) و (دیار ساڵح) لە كۆنترۆڵ و لە پەیوەندییەكان (بینایی شۆڕش) و ئەپلۆدەری سایت (شرام حسێن).

رۆژی یەكشەممە (26-2-2017) حەوتەم بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) پێشكەشكرا، بە میوانداری بەڕێز (محەمەد رەسوڵ) سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزرای شارەوانی و هاتوچۆ و گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
محەمەد رەسوڵ سەرەتا ئاماژەی بە سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو لە سلێمانی كرد و رایگەیاند: حكومەتمان ئاگادار كردۆتەوە و پێمان وتوە كە كێشەی ئاو دروست دەبێت، دەبێتە كێشەی سەرەكی و فریای سلیمانی بكەون.
وتیشی: مانگی 5ی ساڵی 2016، راپۆرتێكی دوورودرێژمان لەسەر هەموو گرفتەكان ئاو لە سلێمانی و دەوروبەری ئامادە كردووە و ریزبەندیمان بۆ كردووە، بەڵام بە داخەوە حكومەت وەڵامی نەداینەوە.
محەمەد رەسوڵ ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوەندە كێشە زۆرە لە سلێمانی نازانن فریای كامەیان بكەون و لەكوێوە دەست پێبكەن.
سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزرای شارەوانی و هاتوچۆ و گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبەرنامەكەدا ئامارێكی لەبارەی گرفت سەرەكییەكانی سلێمانی و سكاڵای هاووڵاتیان خستەڕوو وتی: لەسەدا 85ی گرفتەكانی خەڵك پەیوەندی بە كێشەی زەویوزار و قەرەبوو و زیادەڕەوییەوە هەیە، هەروەها كێشەی ئاو بە پلەی دووەم دێت و پاش ئەویش كێشەی كارەبا و سوتانی محەویلەكانە.
لەبارەی زیادەڕەویشەوە محەمەد رسوڵ، ئاماژەی بە مەترسی و لێكەوتەكانی زیادەڕەوی لە سلێمانی كرد و نمونەی كەسێك باس دەكات كە بە ماوەی كەمتر لە 18 كاتژمێر خانوویەكی زیادەڕەوی دروست كردووە وتی: گرفتی زیادەڕەوی لە دەرەوەی سلێمانی و گوندەكانی دەوروبەری زۆرن و لە ماوەكانی رابردوودا بارودۆخەكە زۆر خراپ بووە، بەڵام ماوەی مانگێكە هەست دەكەین كەمبۆتەوە.
ئاماژە بەوەشدا كە چەند هۆكارێك بوونەتە رێگر لەبەردەم چارەسەر بوونی زیادەڕەوی و پێیوابوو "ئەگەر دادگایەكی تایبەت بە زیادەڕەوی هەبوایە و هێزێكی بەهێزی هەبوایە و هاووڵاتیان لەكاتی بوونی زیادەڕەویدا پەیوەندییان پێوە بكردایە باشتر دەبوو، هەروەها گرفتمان لە هێزەكاندا هەیە".
ئەوەشیخستەڕوو كە "رۆتین یەكێكی ترە لە گرفتەكان، چونكە تا رێوشوێنە ئیدارییەكان تەواو دەبێت، ئەو كەسەی زیادەڕەوییەكە دەكات كارەكانی خۆی تەواو دەكات و خانووەكەش دروست دەكات".
هەروەها نمونەیەك باس دەكات بۆ خێرایی بەڕێوەچوونی كارەكانی زیادەڕەوی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و وتی: لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی كۆبووینەوە و پێی وتین، كاتژمێر 2ی نیوەڕۆی رۆژێك، خانوویەكی زیادەڕەومان بە تەواوی رووخاند و لەگەڵ زەوی تەختمان كرد، بۆ رۆژی دواتر پەیوەندیان پێوەكردین و وتیان خانوو لەو شوێنە دروست كراوە، كاتژمێر 8ی بەیانی رۆژی دواتر چوین، دەبینن شوێنە كراوە بە خانوو دەرگاو پەنجەرە و هەموو شتێكی تێدایە و ئاگر داگیرساوە و خێزانیشی تێدایە و نان دەخۆن.

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft