سەركەوت شەمسەدین: ئەو گروپانەی كە دژایەتی كوردیان كرد لە بەغداد دەنگیان كەمی كرد
محەمەد رەسول موراد: لە (دەزگای وەبەرهێنان) تەنها (8) هەشت ئەندازیار هەیە لەبەرامبەردا نزیكەی (47.500) یەكەی نیشتەجێبوون.

پێنجەم بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) پێشكەشكرا بەمیوانداری بەڕێز(سەركەوت شەمسەدین) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ وئەندامی لیژنەی كاروباری ئەندامان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 
هەروەها بەڕێز (محەمەد رەسول موراد) سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری‌و شارەوانیەكان‌و گواستنەوەو گەیاندن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

سەركەوت شەمسەدین: جیاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران‌و دۆسێی نەوت بیرۆكەی نەوەی نوێ بوو.
بەشی یەكەمی بەرنامەكە تایبەت بوو بە گقتوگۆكردن لەگەڵ  بەڕێز (سەركەوت شەمسەدین) سەرۆكی فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) وئەندامی لیژنەی كاروباری ئەندامان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 
لەمیانی بەرنامەكەدا تاوتوێی چەند پرسێك كرا، لەوانەش كارو ئەركەكانی لیژنەی كاروباری ئەندامان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و رۆڵ‌و گرنگی ئەم لیژنەیە بۆ رێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان. 
لەبارەیەوە (سەركەوت شەمسەدین) رایگەیاند: كاری سەرەكی لیژنەكە بریتییە لە كاركردن‌و هەماهەنگیكردن لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ ئەو فەرمانگە حكومیانەی كە راسپێردراون بۆ راپەڕندنی كاروباری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لەگەڵ چاودێری كردنی سەرجەم فەرمانگەكان لە رووی هاوكاریو هەماهەنگییان لەگەڵ رێكخراوەكاندا، كە ئایا تاچەند ئەو فەرمانگانە دەرفەت بەرێكخراوەكان دەدەن یان چۆن هاوكاری رێكخراوەكان دەبن لە رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵیدا؟
هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسیشی لەوە كرد كە لیژنەكەیان هاوكار‌و هەماهەنگی تەواو دەكەن لەگەڵ رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكاندا.
سەبارەت بە تۆماركردنی رێكخراوەكانی هەرێمی كوردستانیش لە بەغداد، (سەركەوت شەمسەدین) پێیباشبوو رێكخراوەكانی هەرێم خۆیان لە بەغداد تۆمار بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن چالاكی لە هەموو عێراقدا ئەنجام بدەن‌و هەروەها هاوكارو هەماهەنگییان هەبێت لەگەڵ رێكخراوەكانی دیكەی عێراقدا.
هەرسەبارەت بە كاری لیژنەكە،  (سەركەوت شەمسەدین) رایگەیاند: لەبەرنامەی لیژنەكەماندایە لە داهاتوودا رێكخراوەكانی هەرێم و عێراق بانگهێشت بكەین‌و بۆگفتوگۆكردن لەسەر باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیان، چونكە كێشەكانی هاووڵاتیانی (نەجەف‌)و (بەصرە) لە رووی گەندەڵی بەهەدەردانی پارەوە وەك هەرێمی كوردستانە.
سەبارەت بە بەرنامەی فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (سەركەوت شەمسەدین) رایگەیاند كە ئێمە جیاواز لە حیزبەكانی دیكەی هەرێم كاردەكەین‌و ستراتیژی تایبەت بەخۆمان هەیە، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی نێوان عێراق‌و هەرێمی كوردستان موئەسەساتی بێت نەك شەخصی بێت، ناكرێت ئێمە هەموو ساڵێك شەڕی ئەوە بكەین بودجە 12% بیت یان 17%) هەروەها وتی : (ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە بەهێز بێت نەك  تەنها بۆ بودجەو ناردنی چەند پەرلەمانتارێك بێت بۆ بەغداد).
سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەدرێژەی گفتوگۆكەدا وتی:  
نابێت كورد رێگە بدات دەستورو دامودەزگا فیدراڵیەكان لەدژی بەكار بهێنرێن، ئێمە بەغداد وەك دەرفەت دەبینین بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان.
لەكۆتایی بەرنامەكەشدا (سەركەوت شەمسەدین) باسی لەوە كرد كە لە بەغداد هەوڵێك هەیە بۆ وەلانانی بلۆكی تائیفی‌و نەتەوەیی، كە ئەمەش لەبەرژەوەندی كوردە، پاشان وتی ئەو گروپانەی كە دژایەتی كوردیان كرد دەنگیان كەمی كرد، لەبەرامبەردا گروپی (سائرون) یەكەمی عێراق بووە بە بێئەوەی دژی كورد بووبێت.

محەمەد رەسول موراد: لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) چاودێرمان بووە‌و هەڵسەنگاندنی بۆكردووین.

لە بەشی دووەمی بەرنامەكە دا میوانداری بەڕێز (محەمەد رەسول موراد) سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری‌و شارەوانیەكان‌و گواستنەوەو گەیاندن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرا.
لەم بەشەدا گفتوگۆ لەسەر چەند گرفتێكی خزمەتگوزاری بەگشتی هەروەها یەكەكانی نیشتەجێبوون لە پارێزگای سلێمانی گفتوگۆیان لەسەركرا.
لەسەرەتادا (محەمەد رەسول موراد) سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری‌و شارەوانیەكان‌و گواستنەوەو گەیاندن ، باسی لە چوارساڵی رابردووی كاری لیژنەكەیان‌و هەروەها ئەوگرفتانەش هاتوونەتە بەردەمیان باسیان لێوەكرا، بەتایبەت قەیرانی دارایی‌و شەڕی داعش كە بوونە دوو كۆسپی گەورە لەبەردەمی هەرێمی كوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا.
پاشان سەرۆكی سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری‌و شارەوانیەكان‌و گواستنەوەو گەیاندن، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لیژنەكانی ئەنجومەن چاودێری دەكرێن لەلایەن (پەرلەمان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنییەوە) بەڵام لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا هیچ پەرلەمانتارێك چاودێری لیژنەكەیان نەكردووە، لەبەرامبەردا بەخۆشحاڵییەوە سەرۆكایەتی ئەنجومەن بەو ئەركەی خۆی هەستاوەوهەروەها خۆشبەختانە لەو ماوەی چوار ساڵەدا (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) چاودێرمان بووە‌و هەڵسەنگاندنی بۆكردووین.
سەبارەت بەكێشەی خزمەتگوزرای یەكەكانی نیشتەجێبوون، (محەمەد رەسول موراد) باسی لەوە كرد كە بەهۆی كەمی ژمارەی ئەندازیارانەوە لە (دەزگای وەبەرهێنان) نەتوانراوە چاودێری وردی ئەو یەكانە بكرێت، چونكە تەنها (8) هەشت ئەندازیارلە (دەزگای وەبەرهێنان)دا هەیە لەبەرامبەردا (47.500) یەكەی نیشتەجێبوون هەیە، بۆیە لیژنەكان فریای چاودێری تەواو ناكەون. 
بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی)، بەرنامەیەكی هەفتانەی تایبەتە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بەهاوكاری (رێكخراوی NED)ئەمریكی لەرادیۆی (نەوا)وە رۆژانی (یەكشەممە) كاتژمێر (2:00) بۆ (3:00)ی پاشنێوەڕوان بەمیوانداری نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)‌و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێشكەشدەكرێت.

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft