ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وەكو رێزلێنان لەقوربانیان‌و كەسوكارەكانیان، لەساڵیادی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا، كۆبونەوەیەك لەئیدارەی گەرمیان ساز دەكات.
بەگوێرەی نوسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجومەن، كە ئاراستەی سكرتێری ئەنجومەن كراوە، داوا كراوە كاتژمێر( 01:00)ی پاشنیوەڕۆی رۆژی (یەكشەممە) بەرواری ( 14-4-2019) سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەهۆڵی كۆبونەوەكانی ناو ئیدارەی گەرمیان ئامادەبن بەمەبەستی ئەنجامدانی پەنجا‌و سێهەمین كۆبونەوەی ئەنجومەن.
تەوەری كۆبوونەوەكە:
1. میوانداریكردنی بەرپرسانی ئیداریی‌و هونەریی سنورەكە.
2. بڕیاردان لەسەر پێداویستییەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان.
3. بڕیاردان لەسەر پێشنیاری تەواوكردن‌و چاككردنی رێگای سەرەكیی نێوان كەلار‌و سلێمانی.
شایانی باسە ئەمە چوارەم كۆبوونەوەی ئەم خولەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) دەبێت كە لە دەرەوەی تەلاری ئەنجومەندا ئەنجامدەدرێت، لە ساڵانی رابردوودا (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) سێ كۆبوونەوەی دیكەی لە هەریەك لە قەزاكانی (پشدەر، چەمچەماڵ، سەیدصادق)دا ئەنجامداوە 
پەنجا‌و سێهەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هاوكات دەبێت لەگەڵ یادی (31) ساڵەی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال، كە ساڵی ( 1988) لەسەر دەستی هێزەكانی سەر بەڕژێمی بەعسی لەناوچوو، سنوری ئیدارەی گەرمیان تووشی زیانێكی گەورە بوو.


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft