پاش ئەو زنجیرە هێرشانەی كرانە سەر موڵك و ماڵی هاووڵاتیانی كورد لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، فراکسیۆنی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، لە بەرواری (30/5/2019)دا راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، لەراگەیەندراوەكەدا فراکسیۆنی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات بۆ ئەوناوچانە، ئەمەش داواكاری هاووڵاتیانی ناوچەكەیە، كە داوا دەکەن دۆخی شارەکەیان ئاسایی بکرێتەوە، (بەگوتەی هاووڵاتیان) ئەو هێزە سەربازییانەی ئێستا لە کەرکووکن، ناتوانن ئەمنیەتی شارەکە دابین بکەن.
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:

راگەیەنراوی فراکسیۆنی یەکێتی سەبارەت بە دۆخی کەرکوک
لە شەوانی کۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز و لەکاتێکدا هاوڵاتیان خۆیان بۆ جەژن ئامادە دەکەن جارێکی تر دەستی تیرۆریستی بۆ کەرکوک درێژدەکرێتەوە و لە زنجیرەیەک تەقینەوەدا سەروماڵی هاوڵاتیانی شارەکە دەکرێتە ئامانج
ئێمە وێڕای ئیدانەی توندی ئەم کردەوە نامرۆییانە هاوکات مەترسی خۆمان لەدۆخی شارەکە دەخەینەروو کە پەلەبکرێت لە توندوتۆڵکردنەوەی دۆخی ئەمنی شارەکە بە پشتبەستن بەهەموو ئەو هێزە یاساییانەی کە لەرابردوودا رۆڵیان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامگیری ناوچەکە لە نێویشیاندا هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە وەک هێزێکی یاسایی ئەزموونی زۆری هەیە لە پاراستنی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانەدا.
داواکارین پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە رێگەبدرێت بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ رێگری لەهەر پەرەسەندنێکێ تیرۆریستی هاوشێوە.
نزا دەکەین خوای گەورە شەهیدانی ئەو کردەوە چەپەڵە بە بەهەشتی بەرین شادبکات و بەزووی شیفای بریندارەکان بدات وە هیواخوازین هەموو دڵسۆزان هاوکاربن لە دانانی پلانێکی تۆکمە بە بەشداری هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە بۆ بەرقەرارکردنەوەی دۆخی ئەمنی لە شاری کەرکوک و دەوروبەری.

                                                                              فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
                                                                                 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق
                                                                                 30ی ئایاری 2019

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft