ڕەمەزان نامیق کریم
2018-02-18      1330 جار بینراوە        کۆمێنت

                                                                                           ڕەمەزان نامیق کریم

                                                                                      ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

لەبەرواری(8/2/2018) لە بەدواداچونێکدا بۆ سایلۆ نوێكەی (سیدسادق)بە پێویستمزانی تیشکێک بخەمە سەر کارەکانی سایلۆکەو ئەو کەم وکوڕیانەی تائێستا چارەسەر نەکراون بەوهیوایەی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، ئەم سایلۆیە لەمانگی(ئایار)ی ساڵی (2015)دا کراوەتەوەو لەوبەروارە بەدواوە دەستکراوە بەوەرگرتنی گەنم لەجوتیارانی سنوری قەزای(شارەزوور و سیدسادق و پێنجوێن). ئەم سایلۆیە لەلایەن کۆمپانیای (هیوا ڕەئوف) دروستکراوە لە بەرامبەر ڕووخان ولابردنی (سایلۆکەی سلێمانی)و هەروەها دروستکردنی کۆمەڵگای فەرمانگەكان (مجمع دوائر) بۆ وەزارەتی بازرگانی .

ئەمانەی لای خوارەوەش چەند زانیاریەكن لەسەر سایلۆكەی سەیدسادق :

  1. بەپێی زانیاریەکان بڕی تێچوی سایلۆکەی سەیدسادق (12) ملیۆن دۆلارە، لەكاتێكدا دەتوانرا لەبەرامبەر ڕوخاندنی سایلۆکەی سلێمانی چەند سایلۆیەكی تر دروستبکرێت.
  2.             ڕووبەری زەوی تەرخانکراو بۆسایلۆکە (سەدو بیست) هەزار مەتر دوجایە واتە (٤۰) چل دۆنم زەوییەوتوانای هەڵگرتنی (چل) هەزار تەن گەنمی هەیە.

3.        هەرچەندە ئەم سیلۆیە لەڕووی ئیدارییەوە سەربەوەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەڵام هەموو بڕیارو ڕێنماییەکانی حکومەتی عێراق جێبەجێ دەکات بۆنمونە بڕی وەرگرتنی گەنم لەجوتیاران ساڵانە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دیاری دەکرێت و لەبەرامبەرئەمەشدا حکومەتی ناوەند پارەی گەنمی جوتیاران دابیندەکات .

کەموکوڕییەکانی سایلۆکە

1.سایلۆکە سیاجێکی تەنك و کەموکوڕیداری هەیەو بەپێی وتەی بەڕێز لێپرسراوی سایلۆکە ڕۆژانە ئاژەڵ و پەلەوەرو مەڕوماڵاتی دانیشتوانی ناوچەکە دێنە ناوسایلۆکەوە . .

2.  بەداخەوە هەتاکو ئێستا پاسەوان بۆسایلۆکە دابینەکراوە، تەنها دوو پاسەوانی مەدەنی هەیە،كەلانی کەم دەبێت چەند پاسەوانێکی سەربەهێزەكانی ناوخۆی هەبێت بۆبەرگری لەسایلۆکە بەتایبەتی لەشەواندا .

3.  کێشەی کەمی فەرمانبەر لەسایلۆکەدا بەتایبەت لەکاتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران .

4.   نەبوونی کارەبای نیشتیمانی بەبەردەوامی لەناو سایلۆکە بەتایبەتی لەوەرزی هاویندا .

5.   چاڵوچۆڵی وخۆڵێکی زۆرلەشێوەی گردۆڵکە لەناوسیلۆکەدا هەیە ئەمەش بووەتە گرفت بۆجوتار‌و ستافی سایلۆكە چونکە جوتیار ناتوانێت بارهەڵگرەکەی لەناو سیلۆکە بووەستێنیت ولەدەرەوەی سایلۆکەش دەبێتە هۆی قەڕەباڵغی، ئەمەلەکاتێکدایە دەبوایە کۆمپانیای ناوبراوە هەستایە بەتەختكردنی و پڕكردنەوەی چاڵەكان .

6. نەبوونی ئامێری ساردکەرەوەی پێویست لە سایلۆکەدا بەتایبەت لە وەرزی هاویندا،چونکە سایلۆکە لە (12) بانزات پێک هاتووەولە هاویندا پلەی گەرمای ئەم (بانزات)انە دەگاتە (45) پلە و تەنها چوار پانکە دانراوە بۆ ساردکردنەوە وهەواگۆرکێ كە ئەمەش بەشی بانزاتەکان ناکات ،ئەمە لەکاتێکدا لەسایلۆکانی تر ئامێری ساردکەرەوە تایبەت بە سایلۆکەهەیە .

7. نەبوونی ئامێری یەدەگ  لەبەشی تاقیگەو و لە بەشەگرنگەکانی تری سایلۆکە . .

8. نەبوونی تابلۆیەکی تایبەت بۆسەر بینای سیلۆکە

لە کۆتاییدا روودەكەمە حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كۆمپانیای ناوبراو کەم وکوڕیانە چارەسەربکەن بەمەش  سابلۆكە دەبێتە سایلۆیەکی باش و مۆدێرن

سایلۆکە خۆی باشە بەڵام کەموکوڕی زۆرە، پێویستە ئەوەی لەسەر كۆمپانیاكەیە حكومەت كومپانیاكە ناچار بەتەواوكردنی بكات‌و ئەوەشی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت، لایەنە پەیوەندیدارەكان هەستن بەجێبەجێكردنی بۆئەوەی ببێتە پڕۆژەیەكی گەورە لەناوچەكەدا لەكۆتایشدا بەقازانجی هاووڵاتیان بشكێتەوە .

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft