سەباح شەهید فەتاح
2018-04-25      1039 جار بینراوە        کۆمێنت

            

                                                          سەباح شەهید فەتاح

                                          ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

لای هەموان ئاشكرایە كەمتر لەمانگێك ماوە بەسەر تێپەڕبوونی (4) ساڵی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كەلە30/4/2014 هەڵبژێردرابوون ، بەداخەوە هەرچەندە زۆربەی زۆری كێشمە كێشمەكان لەڕووی ناوخۆیی و ناوچەییەوە لەكوردستان ڕوویداو بوونە هۆی دروستبوونی شەڕی تیرۆرستانی داعش و هەروەها قەیرانێكی ئابووری و دارایی سەختی تاڕاددەیەك باوەڕپێنەكراو كوردستانی گرتەوە،قەیرانەكەش بەشێكی زۆری بەهۆی نەبوونی پلان و ناشەفافی حكومەتی هەرێم لەداهات و لە ناردنە دەرەوەی بڕی نەوت و چۆنێتی كۆكردنەوەی داهات و نەزانینی خەرجیەكان و پەكحستنی پەرلەمانی كوردستان و دیسان هەڵنەستانی پەرلەمان بەكاری یاسایی وئاسایی خۆی،لەم نێوەندەشدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم ئەنجومەنی پارێزگاكان كەپەرلەمانی سنووری جوگرافی پارێزگاكانیان ئەرك و دەسەڵاتیان ناڕوونە ودیارنیە چۆن ڕووبەڕووی ئەو گرفتانەی سنووری پارێزگاكانیان بوونەتەوە و ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگاكان نەبونایە ئەگونجێ لەمە خراپتر ڕووی بدایە یان نا؟لەكاتێكدا دامەزراوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەپێی یاسای ژمارە(3)ی ساڵی (2009) كەیاسای چۆنێتی هەڵبژاردن و كاركردنیانەو بەو یاسایەش ئەرك و دەسەڵاتەكانیان دیاریكراوە ،هەرچەندە یاساكە ساڵی (2009) دەرچوێنراوە و ساڵی (2014) كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرەڕای ئەوەش ناڕوونی زۆر لەبڕگەو مادەكانیدا هەیە و لەجیاتی ئەوەی حكومەتی هەرێم كارئاسانی و هاوكاری و پشتیوانی ئەنجومەنەكان بێت لەڕووی مادیو مەعنەویەوە بەمەبەستی پیادەكردنی سیستەمی لامەركەزی، بەڵام هەمیشە ڕێگریكردووە بەتایبەت لەبەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و زۆر تایبەتی تر دوای تێكچوونی پەیوەندی نێوان (بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان)و بەشێكی زۆری بڕیارو ڕێنمایییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهۆكاری سیاسی ڕەتكراوەتەوە و زۆرجارئەنجومەنەكە تۆمەتباریش دەكرا بەوەی كەكاری نایاسایی و لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆی كاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كەبەپارێزگاكانی ڕێكنەخراو لەهەرێم ناودەبرێن و بەیاسایی (21) ساڵی (2008) هەڵبژێرراون و كاردەكەن، بەهۆی پیادەكردنی سیستەمی لامەركەزییەوە دەسەڵاتی (8) وەزارەتی خزمەتگوزاری لەلایەن پارێزگاكانیانەوە بەچاودێری ئەنجومەنی پارێزگاكان پیادە دەكرێت، بۆیە من پێموایە لەهەرێمی كوردستان بوون و نەبونی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەم شێوەی ئێستا هیچ لەبارودۆخەكە ناگۆڕێت و بگرە زیانیان زۆرترە و بوونەتە ئەرك بەسەر ئەم هەرێمەوە، هەرلەكاتی دانانی بەرواری هەڵبژاردن هەتا كۆتایی هاتنی خولەكە كەئەگەر هەڵبژاردنەكانی ساڵی (2014) ئەژمار بكەین بەلانیكەم (90) ئەندامی ئەنجومەن بەپلەی هاوتای بەڕێوەبەری گشتی بوونەتە ئەركێكی قورس و گران لەسەر بودجەی حكومەت بەتایبەتی لەم كاتەدا سەرەڕای پارەی بەردەست یان نەسریەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاكان كەبڕێكی زۆركەمە و بەچەند مانگ جارێك دەدرێت، هەندێكداریش هەر نادرێت، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هێشتا ڕێكنەكەوتوون لەسەر دیاریكردنی كاتێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لەم سەروبەندەشدا بەهیچ شێوەیەك باسی هەڵبژاردنی ئەنجومەكان لەئارادا نیە و دیاریش نیە ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدرێت یاخود نا؟ !

جابۆیە لێرەوە وەكو ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشنیاز بۆ پەرلەمان دەكەم كەئەگەر یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە(3) ی ساڵی (2009) بەشێوەیەكی باش و سەردەمیانە هەموارناكرێتەوە و حكومەتیش بەردەوام دەبێت لە پیادەكردنی مەركەزیەت و هاوكاری و پشتیوانی حكومەتی خۆجێیی و ئەنجومەنەكان ناكات، باشتر وایە چیتر ئەو هەڵبژاردنە نەكرێت و پەرلەمان یاساكە پەكبخات.
SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft