سەركەوت شەمسەدین
2019-04-11      962 جار بینراوە        کۆمێنت

هیچ گومانم لەوەنییە گەلی ئێمە هیچی لە گەلی تونسی و میصری کەمتر نییە بۆ ئەوەی شۆرشێکی مەدەنی سەرپێ بخات، گومانیشم نییە هیچ کات هێزە دەسەڵاتخوازەکانی کوردستان زۆر لەوە لاوازترن خۆیان لەبەردەم تورەیی خەڵک دابگرن. 

هەرگیز نابێت پێمانوابێت کە بۆ ئەوەی شۆرشی مەدەنی سەرپێبخرێت پێویستە خەڵک لەوپەری توەرەییدا بێت، بەپێچەونەوە بەشێکی زۆری شۆرشەکان لە لوتکەی بێ هیوایی و شکست دا دەتەقێتەوە و ئەوەی مەترسیداریشە ئەمجۆرە شۆرشە چاوەروان نەکراوە و شێوەی هەرەمەکی و بێ سەرکردەی کاریزمییە و بێ بونی هێز و بزوتنەوەی رێکخراوە (بەپێچەوانەی شۆرشەکانی غاندی و مارتن لوسەرگینگ و ماندێلا).

بۆیە پرسیارەکە لەسەر روخان و نەروخانی دەسەڵات نییە، هەر هێزێک مل بۆگەمەی دیموکراسی نەدا عاقیبەتەکەی هەر روخانە وەک موبارەک و بوتەفلیقە بەشیر بێت یان وەک قەزافی.
پرسیاری جدی بۆ ئێمە ئەوەیە دوای شۆرش چی رودەدات و چۆن رودەدات؟ چونکە هیچ شتێک هێندەی نەمانی دەسەڵات و دروستبونی بۆشایی ئەمنی مەترسیدار نییە بۆ هێزە دیموکراتخوازەکان، چونکە تەنیا بە بونی دامەزراوەکان ئامانجەکانی دیموکراتی بەدەستدێن، دیموکراسی پرۆسەیە و پرسێکی رۆژانەیە کە کۆمەڵێ یاسا و دامەزراوە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی ژیانی هاوڵاتیان وکێبرکێی گروپە جیاوازەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە رێکدەخات.
بەپێچەوانەوە هێزە مەترسیدار و باند و گروپە سیاسیە رادیکاڵەکان نەمانی سوڵتە دەکەن دەرفەت بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆیان لەسەر حسابی خەباتی مەدەنی گەل.
ئەوەی وادەکات تونس وەک لیبیای لێبەسەر نەیەت بریتییە لە بونی هێزی دیموکراتخواز و ئامادەساز کە دوای نەمانی نیزامی سیاسی کاریان نەکرد بۆ لەبەریەک هەڵوەشاندنی دامەزراوەکان و خەڵکانی خاوەن روئیا و خەونی دیموکراتیانە بون، دەستبەجێ دەستوریان نوسیەوە، نەک پەلاماری بیرەنەوت مەنفەزی سنوری و بانقەکان تاڵانبکەن، بینای دەوڵەت بکەنە بارەگای حیزب وسەرۆک حیزب، گروپی میلیشیا دروستبکەن.
بەپێچەوانەوە لە لیبیا گروپ و خێڵ و مافیای نەوتی هەریەکەیان لە کونجێکەوە دەستیان بە تاڵانکردن و فەرهود ە وێرانکردنی دەوڵەتکرد چونکە پێش شۆرش ئەوەی هەبوو کۆبونەوەی کۆمەڵە خێڵ و گروپێکی مافیا ئاسا بوون نەک هێز گەلی دیموکراتیخواز.

هەرگیز بەتەمامەبە هێزێک لەبری نوسینەوەیە دەستور یەکەم کاری دەستبەسەراگرتنی بیری نەوت بێت دامەزراوەت بۆ بنیات بنێ. هێز گەلێک دوای ۲۸ ساڵ دەستوری نەنوسیبێتەوە بەڵام یاسای نەوت و بازاری ئازاد بۆ تێپەرێنێ شەکت نەبێ ئەوە هیچ ئیمان دیموکراسی نییە و هیچ روئیای دەوڵەتسازی نیە.

بەردەوامی ساختەکاری لە هەڵبژاردن و دەستگرتن بەسەر سەروەت و سەرچاوەکانی داهات لەلایەن دوو بنەماڵەوە کۆتاییەکەی پێناچێ بە سندوقی دەنگدان بێت، بەڵام قەلەقی گەورە کۆتای هاتنی ئەم دەسەڵاتە نیە بە تەنیا بەڵکو ئەوەی جێگەی دەگرێتەوە، چونکە دوای ۲۸ ساڵ لە حوکمی صەدام هێشتا هەرێمی کوردستان وەڵامی دوای شۆرش و راپەرینی پێ نییە، جگە لە کێبرکێ لەسەر دەسەڵات (Power competition ) هێشتا گەمەیەک بەناوی سیاسەت نەهاتۆتە ئاراوە، رەنگە گرنگترین کار بەر لەوەی لە کۆتای ئەم رژێمە نزیک ببینەوە ئەوەیە کۆمەڵگە بە سیاسەت (حزبایەتی نا) ئاشنابکەین و گفتوگۆی سیاسی سەرپێبخەین.

کەواتە ئەگەر کۆمەڵگەیەک گفتوگۆی سیاسی دەستپێنەکردبێ دەکرێ خەونی دیموکراتیزەکردنی هەبێت؟

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft