پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا بەهۆی تێپەڕاندنی یاسای قەرزەوە، فراکسیۆنە کوردستانیەکان، هۆڵی دانیشتنەکەیان جێهێشت ‏یاساکەش بە بێ کورد تێپەڕێنرا ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا، هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ (13/11/2020) هەرسێ ‏سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە بکەن، سەبارەت بەم کۆ بوونەوەیەش (10) ئەندامی کوردی ئەنجومەنی ‏نوێنەرانی عێراق کە (8)یان نوێنەری پارێزگای سلێمانین،  راگەیەندراوێکیان بۆ رایگشتی بڵاوکردوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ‏کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم بە پێویست نازانن... هەروەها ئەو پەرلەمانتارانە رایانگەیاندوە ( بەشداریی ‏کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە و نوێنەرانی کورد ناکەن. ئەوان دەڵێن "دەرفەت ماوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ‏دەتوانێت شاند بنێرێتە بەغدا و هەرچی زووە رێکەوتنێکی نوێ و گشتگیر بکرێت‎"‎‏)‏‎.‎
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیانداروەکەیە

راگەیاندراوێک بۆ رای گشتی‎:‎

ئێمە ئەم پەرلەمانتارانەی لەخوارەوە ناومان هاتووە، رایگشتی ئاگادار دەکەینەوە کە گرێدانی کۆبونەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم ‏و نوێنەرانی کورد بەپێویست نازانین. لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە‎:‎
یەک: حکومەتی عێراق و هەرێم بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دۆخە هەڵدەگرن. پرسی موچە و نەوت رونەو پێویستی بە کۆبونەوەی ‏نمایشکارانە نیە. هێشتا دەرفەت ماوە و حکومەتی هەرێم دەتوانێت وەفد بنێرێتە بەغدا و هەرچی زووە رێکەوتنێکی نوێ و گشتگیر ‏و شەفاف و كۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا واژۆ بکەن لەسەر بنەمای دەستور نەک عیلاقاتی شەخسی و حزبی و سەفەقاتی ژێر بە ژێر‎.‎
دوو: دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەم کۆبونەوانەیان زیاتر وەك نمایشێکی سیاسی دەوێت، تا لەو رێیەوە شەرعیەت بدەن بە سیاسەتە ‏شکستخواردوەکانیان. ئێمەش ئامادەنین بەشێك بین لەو سیاسەتە‎.‎
سێ: خەڵکی کوردستان چاوەڕێی هیچ لەمجۆرە کۆبونەوانە ناکەن و باشترە حکومەتی هەرێم سەرقاڵی دابینکردنی موچەی ‏فەرمانبەران بێت‎.‎
چوار: تا ئەم ساتە هيچ چاکسازییەکی راستەقینە نيه و قاچاخچێتی و دزینی سامان و داهاتەکان بەردەوامە و سەرباری ئەوەش دەیان ‏چالاکوان و رۆژنامەنوس لە زیندانەکانی هەولێرو دهۆك و ناوچەکانیتردان، بەبیانوی نایاسایی و دەزگا ئەمنیەکانیش سەرقاڵی ‏دروستکردنی تۆمەتی بێ بنەمان بۆیان‎.‎
دەیان هۆکاریتریش هەن کە وامان لێدەکات بەشداری ئەمجۆرە کۆبونەوە بێ بەرهەمانە نەکەین‎.‎
‏۱‏‎. ‎احمد حاجی رشید
‏۲‏‎. ‎رێبوار کریم محمود
‏۳‏‎. ‎کاوە محەمەد
‏٤‏‎. ‎سەرکەوت شەمسەدین
‏٥‏‎. ‎سروە ونس
‏٦‏‎. ‎یوسرا رەجەب
‏۷‏‎. ‎غالب محمد علی
‏۸‏‎. ‎بەهار محمود فتاح
‏۹‏‎. ‎هۆشیار عەبدوڵا
‏۱٠‏‎ ‎موسەننا ئەمین
SHARE
© Copyright 2020 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft