وەزیری شارەوانی ‌و گەشتوگوزار رایگەیاند، پێویستە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، چالاك بكرێتەوە و شوێنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بگرێتەوە چونکە ئەوان تاقیکراونەتەوە و وەک پێویست نەبوون .

لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی مییدیایی رووداو، نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی ‌و گەشتوگوزار راگەیاند: "لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان ‌و ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دەبێت یەكێكیان بمێنێ، بەبڕوای من ئەنجوومەنی پارێزگاکان تاقیکراونەتەوە و وەک پێویست نەبوون، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان پێویستە چالاكبكرێنەوە ".  وەزیری شارەوانی ‌و گەشتوگوزار جەخت لەوە دەكاتەوە، لەكاری ئەنجوومەنی شارەوانییەكاندا رۆحی كێبڕكێ‌ لەنێوان شارەوانی ‌و شارەكاندا لەسەر كار‌ و خزمەتگوزاری دروست دەبێت، "بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەهۆی ئەوەی لەسەنتەری پارێزگاكاندان كەمتر ئاگایان لە كێشەی خەڵكی ناوچە جیاجیاكان هەیە ".

شیاوی باسە لە ماوەی رابردووشدا بەڕێز (د. هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی وتی: (من لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندانیم) هەر لەدرێژەی وتەكەیدا پارێزگاری سلێمانی وتی: ئێمە ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ئەنجومەنی شارەوەانیەكانمان هەیە، ئەمەش بەریەكەكەوتن دروست دەكات، پاشان وتی من لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانیەكاندام .) ئەم لێدوانەی بەڕێز پارێزگاری سلێمانی نیگەرانی لەلای هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دروستكرد .

بەهەمان شێوە لێدوانی وەزیری شارەوانیەكان نیگەرانی لای بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لێكەوتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە تائێستا ئەنجومەنی پارێزگاكان هیچ لێدوانێكی فەرمیان لەو بارەیەوە بڵاو نەكردۆتەوە، دەرناكەوێت ئاخۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ مانەوەی ئەنجومەنەكاندان، یان هاوڕان لەگەڵ وەزیری شارەوانیەكان و پارێزگاری سلێمانیدا!


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft