/   بیروڕا
بۆچی مۆری مەرزی پشتە دزراوە ؟
ڕەمەزان نامیق کریم
2020-06-10

رەمەزان نامیق
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژە مۆری بنکەی چاودێری خۆراک لەمەرزی لاوەکی پشتەی سنوری ناحیەی بەمۆ سەربە پارێزگای هەڵەبجە دزراوەو دیارنەماوە و هەتا ئێستاش سۆراغەکان هیچیان ئاشکرانەکردووە ..
ڕاستە بەئاشکرا مۆری ڕێگەپێدان بۆهاوردەکردنی خۆراک دیارنەماوە،لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی ساڵانەی ئەم مەرزە زیاتر لە ۲۷ ملیار دینار دەبێت کەس نازانێت بۆکوێ دەچێت و دانیشتوانی سنورەکەش تەنها سودیان لەتەپ وتۆز و خراپ بونی ڕێگاکە بینیوە و نەتوانراوە بەشێک لەداهاتەکەی بۆ خزمەەگوزاری بەتایبەت ڕێگاوبانەکەی بەکاربهێنرێتەوە..
دزینی ئەم مۆرە چاوەڕوانکراوبوو،چونکە هەرلە سەرەتای بەفەرمی بون و کردنەوەی مەرزەکە حکومەت زۆربێ منەت بوو لەکردنەوەی مەرزەکەو هیچ گرنگیەکی ئەوتۆی پێ نەدا کەببێتە مایەی خۆشحاڵی هاوڵاتیانی سنورەکە بەڵکو بەپێچەوانەوە بەهەوڵ و ماندوبونی دانیشتوان و بەرپرسانی سنوری ناحیەکە و کۆمەڵێک دڵسۆز و بازرگانانی ناو مەرزەکە سەرجەم کولفە و تێچوی کردنەوەی مەرزەکە و داواکاری لیژنەکەی بەغدادیان گرتە ئەستۆی خۆیان لەپێناو دانەخستن بەفەرمی کردنی مەرزەکە..
دزینی مۆرەکە هاوشێوەی داهاتەکەی بەبەرنامە بووەو بڕواناکەم هیچ کەسێکی ئاسایی ئەم کارە گەورەی کردبێت چونکە توانای ئەم کارەی نیە یاخود پێویستی بەم مۆرە نیە،لەبەرئەوە ئەم کارە دەبێتە ڕێگە خۆشکەر بۆ هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەلی بێ کوالیتی ...ئەگەر بەگریمانە هۆکارێکی تری ئەم کردەوەناشیرینە هەوڵێک بێت بۆلەکەدارکردنی مەرزەکەو داخستنی بکرێتە بیانوو ئەوا ئەمەدەبێتە هێڵی سور بۆ دانیشتوانی سنورەکە و ڕێگەنادەن ڕەنجی هەوڵ و ماندووبونەکەیان بەبابچێت و ڕێگە نادرێت لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی ئەم سنورە بکرێتە ململانێی هیچ لایەن و کەسێک...دەبێت سەرپەرشتیاری مەرزی پشتە دزینی مۆرەکە لەئەستۆبگرێت هەتا ئەوکاتەی بە خێراترین ڕێگا بکەرانی دزینی مۆرەکە و هاوکارانی پشتی ئاشکرا دەبێت و بەسزای خۆیان دەگەن...
هەروەهاداواکارم داواکاری گشتی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتە بەر کە کەمتەرخەم بون و نەیانتوانیوە مومتەلەکاتی حکومەت بپارێزن کەبە زیمە لەئەستۆیان بووە ..

زیاتر بخوێنەوە