دوای ئەوەی لەم چەند رۆژەدا لەسایتەکان بابەتێکم خوێندەوە کە ڕونکردنەوەی کۆمپانیای(awamedica) بوو لەسەر نرخی حەبی (fabivir) کە بۆ چارەسەری کۆرۆنا دروستیان کردوەو دەڵێن نرخی پاکەتێک لەم حەبە (165) دۆلارە.....
هەموو دەزانین لەئێستادا نەخۆشی کۆرۆنا یەکێکە لەقەیرانە هەنووکەییەکانی سەرجەم وڵاتانی دنیا بەهەرێمیشەوە کەبەداخەوە بوو بە هۆکاری (زیاتر گەورەبونی قەیرانی دارایی هەرێم) ئەو دۆخە ئابوریەی ئەمڕۆ لەکوردستان دەگوزەرێ ئاراستەکەی ڕوونە بەرەو دروستبونی دوو چینی دەڕوات چینێک زۆر دەوڵەمەندو باڵادەست، چینێکیش هەژارو بێدەرەتان ، واتە ئەوەی پێی دەوترێ چینی ناوەڕاست بەرەو کاڵبونەوەو لەناوچوون دەچێت بۆیە زۆربەی داهێنان و تەکنەلۆژیا نوێکان تەنها چینە دەوڵەمەندەکە سوودی لێدەبینێ و چینە هەژارەکەش دەبێ هەر تەماشاکەرو بیسەر بێت ئەمەیە نمونە ناشیرینەکانی بۆرژوازیەت...
بەڵێ خەڵکانێک هەن تەنانەت توانای کڕینی دەمامک و دەستکێشیان نیە بۆ خۆپارێزی لەم نەخۆشیە تۆبڵێی کەتووشبون توانای کڕینی ئەم حەبەیان هەبێ بەو نرخە بەرزە؟ بێگومان نەخێر بۆیە من هەمیشە وتومەو دەڵێم حکومەتی بەهێزو بەهەیبەت ئەو حکومەتەیە لە هەموو بابەتێکدا بیر لە گوزەرانی خەڵکی بکاتەوەو قسەو بڕیارو کردەوەی جوامێرانەی هەبێت بەتایبەتیش بۆ چینی هەژارو بێ دەرەتان ئەو کاتە خەڵکیش هەست بەبوونی حوکمەت دەکات و ئینتیمای بۆی دەبێت ....
بەڵێ پێویستە وەزارەتی تەندروستی بە بەرنامەیەکی عادیلانە ئەو حەبی چارەسەرە بکڕێت و بێ بەرامبەر بیبەخشێ یان لانی کەم بە لە (40-30%) ی نرخی کۆمپانیا لەڕێگای نەخۆشخانە حکومیەکانی تایبەت بەکۆرۆنا بیفرۆشێتەوە بەو توشبوانەی کە بە فیعلی هەژارو کەم دەرامەتن .