/   بیروڕا
دەربارەی رونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق
هۆشیار عەبدوڵا
2020-08-13
هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
وەڵامەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ حکومەتی هەرێم،تەئکید کردنەوەیە لەسەر هەموو ئەو راستیانەی سەبارەت بە نەبوونی هیچ نیەتێکی جدی حکومەتی هەرێم بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغداد و کۆتاییهێنان بە کێشەی موچەی فەرمانبەران پێشتر باسمان کردوە و بە ڕاشکاوی رایگشتی کوردستانمان لێ ئاگادار کردۆتەوە.ئەو ڕاشکاویەی لەرونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هەیە دەگەرێتەوە بۆ خودی (علی علاوی) چونکە ئەو هێندەی پیاوێکی پسپۆڕ و میهەنیە هێندە سیاسیی نیە،بۆیە زۆر ئاشکرا خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردو حکومەتی نوسیوە و رەخنەکانیشیی وەک خۆی گەیاندوە، ئەمەش وەک جۆرێک لە شەفافیەت پێویست و گرنگە.
ئێستا تۆپ لە قاچی حکومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی داراییەکەیەتی بەتایبەتی کە وەڵام بدەنەوە ئایا رونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق راستە یاخود نا؟!
بەڵام بۆ ئەوەی راستیی لای هەموان رون بێ گرنگە بە گشتیی و قسەی عام جواب نەدەنەوە بەڵکو خاڵ بخەنە سەرپیتەکان تا وێنەکە ڕون بێت.بە ئەزمونی زیاتر لە شەش ساڵ لە نزیکەوە ئاگاداربون لەو بگرە و بەردەی رێککەوتن و رێکنەکەوتنەی نێوان هەولێر و بەغداد لام ڕونە کە دەسەلاتی سیاسیی هەرێم بە هۆی ئەوەی بونیادی لەسەر گەندەڵیی و تاڵانی دامەزراوە هێندەی چاوی لە بەردەوامیی چەتەییە هێندە چاوی لەسەر ژیانی خەڵک و رێککەوتن نیە.