/   بیروڕا
خواردنی نانی حەرام بە کوردایەتییەوە!
د.رێبوار كریم محمود
2020-08-27

د. رێبوار کەریم مەحمود
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

زۆرجار گوێمان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەبێ کە دەڵێن کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا تەنها موچە نیەو نابێ لە موچەدا کورتبكرێتەوە!
ئەم دەسەڵاتدارانەی کە هێزەکانیان زۆرینەیەکی کوردی (شکلی و پڕ گومان و کێشەو تەزویر)یان هەیە، لەبیریان چوە کە:_
 ئەمانە کە دێن بۆ بەغدا، لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتدا، تەنها داوای سەرەکییان پۆست و پارەیە.
پۆست بۆ ئەوەی هاوشێوەی هەندێ لە هێزە گەندەڵەکانی تری عیراق، وەزارەت و گرێبەستەکانی پێ بدۆشن.
پارەشیان دەوێ بۆ ئەوەی بە چکەچک بیدەن بە موچەی هەرێم و داهاتەکانی هەرێم بۆ خۆیان ببەن و تاڵانکاری نەوت و گومرک بەردەوام بێت.
ئەمانە کە دێن بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت و ئیدارەی دەوڵەتی عیراق، هەرگیز، نە لە دور نە لە نزیک، داواکارییەکی جدیان بۆ ماددەی (۱٤٠)، چارەنوسی کوردانی ناوچە دابڕێنراوەکان، پێشکەش نەکردوە.
هەوڵێکی جدیان نەبینراوە. بەڵکو باسی شێوەی درێژەدان بووە بە تاڵانکاری نەوتی ئەو ناوچانە.
 رۆژێك لە کۆبونەوەکانی پێکهێنانی حکومەتدا، جگەلە تکاو رجا بۆ ناردنی پارەو بەوەزیرکردنی کەسانێکی دیاریکراو، باسی چیتان کردوە؟!
 بەڵێ ئەوە ئێوەن باسی داواکارییە سەرەکییەکانی کورد ناکەن و تەنها چاوتان لە خواستی حزبی و شەخسیە. ئەگەر کاربەدەستێکی کوردیش لە بەغدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی وەك دۆخی کەرکوک بدات، ئێوە بە هەڵەداوان وڵاتان دەگەڕێن تەنها بۆ ئەوەی تێکیبدەن. ئامانجیشتان ئەوەیە تا زەمەنێکی زۆر بە لایەنێکی شەریکی حوکمتان بڵێن خائین و نانی حەرام بە کوردایەتیەوە بخۆن.

زیاتر بخوێنەوە